گەشەی کورد لە عێراقدا روو لە کەمبوونەوەدایە، چاوەڕوانیش دەکرێت سەرژمێریی ئەمجارە دەرخەری هۆکاری کەمبوونەوەی گەشەی کورد بێت.
دوای ٢٧ ساڵ، عێراق سەرژمێرییەکی دیکەی بەخۆیەوە بینی و بە بەشداریی ١٢٠ هەزار کەس لە تیمەکانی سەرژمێری، کۆڵان بە کۆڵان دەستیان بە ئەنجامدانی پڕۆسەکە کرد.
هاوکات، ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەپێی یەکەم سەرژمێری
ساڵی ١٩٢٧، دوو ملیۆن و ٨٤٩ هەزار کەس بووە، بەپێی دواین خەمڵاندنەكانیش كە لە ساڵی
٢٠٢٣ كراوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق ٤٣ ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە.
گەشەی دانیشتوانی عێراق بە گشتی ساڵ بە ساڵ روو
لە زیادبوونێکی بەرچاوە، لەبەرامبەردا، گەشەی کورد لەناو عێراقدا روو لە کەمبوونەوەیە،
بەشێوەیەک، لەساڵی ٢٠٠٣ـدا رێژەی کورد لە عێراق زیاتر ١٨٪ بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ـدا
بووەتە نزیکەی ١٥٪، واتە تەنها لە ماوەی ١٦ ساڵدا، رێژەی کورد لە عێراق نزیکەی ٤٪ کەمی
کردووە، بە بڕوای چاودێرانیش، ئەگەر گەشەی کورد بەوشیوەیە بێت، لە ساڵی ٢٠٥٠ کورد تەنها ٧٪ـی عێراق پێکدەهێنێت.
لە یەکەمین سەرژمێریی عێراقدا کە لە ساڵی ١٩٢٧ ئەنجامدرا،
ژمارەی دانیشتوانی هەولێر ١٠٦ هەزار کەس بووە، سلێمانی ١٥٥ هەزار کەس و کەرکوکیش ٩٢
هەزار کەس. بەوپێیەی دهۆک لەوکاتەدا پارێزگا نەبووە و سەربە موسڵ بووە، هەر لەسەر
موسڵ هەژمار کراوە و بە تێکڕا ژمارەی دانیشتوانی موسڵ ٣٥٠ هەزار کەس بووە.
لە ئێستاشدا، بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی
کوردستان، ژمارەی کورد حەوت ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەسە، بەڵام لە رووی گەشەوە، گەشەی
کورد لە عێراقدا ساڵ بەساڵ لە کەمبوونەوەدایە.
لەلایەکی دیکەوە، کەمبوونەوەی ژمارەی کورد دەبێتە
هۆی کەمبوونەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا، بۆیە کەمبوونەوەی گەشەی
کورد بە مەترسی بۆ سەر بودجەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.