سەردێڕ:

تەوتین یان شەڕی کورسی؟

PM:03:11:06/11/2024
10328 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار ياسين فەتاح
+ -

لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، باس باسی (بەجێکردنی مووچە، بەبانکیکردنی مووچە) یان وەک لای خەڵک ناوی رۆیشتووە (تەوتین)ـە، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگەشەی پڕۆسەکە دەکات و وا نیشانی دەدات کە دژی پڕۆژەی "هەژماری من"ـی شەریکە ٣٣ ساڵییەکەیەتی!!

کورد وتەنی ئێمە لەوسەرییەوە هاتووینەتەوە و دەستەکەی یەکێتی کەشفە، لە میدیا زەبەلاحەکانییەوە کە بە پارەی خەڵکی بەشمەینەتی ئەم هەرێمە خێر لەخۆنەدیوە مانگانە دەیان ملیۆن دۆلاریان بۆ سەرف دەکرێت، وا نیشانی دەدات کە دژی پڕۆژەکەی پارتییە، هەموو ئامانجی حزبەکە و خودی بافڵ تاڵەبانیی سەرۆکی حزبەکەش ئەوەیە کە بە پارتی بڵێت، ئاگادار بە! منیش رەقەمم و لە کابینەی نوێدا کورسی گەورە گەورەم دەوێت!

ئەوەی لە ئێستادا یەکێتی دەیکات، فشار خستنە سەر ئەو شەریکەیەتی کە ٣٣ ساڵە پێکەوە خێر و بێری ئەم وڵاتە لە سەرزەوی و ژێرزەوی تاڵان دەکەن، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنەوە کە شەریکەکەی چەند مەرجێکی بە ئاشکارا بۆ پێکهێنانی کابینەی ١٠ـی حکومەت راگەیاند، بافڵ تاڵەبانی کەوتووەتە خۆی و سەرقاڵی ئەوەیە کارتەکانی بخاتە سەر مێزی گفتوگۆکانی لەگەڵ پارتی.

لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا یەکێتی سیاسەتی دووفاقی پەیڕەو دەکات، سیاسەتی دووڕوویی! لەلایەک دەڵێت هەژماری من لۆ مارێ! لەلایەک فشار لە فەرمانبەرانی زۆنی سەوز دەکات و چاویان لێ سوور دەکاتەوە کە دەبێت فۆڕمی هەژماری من پڕ بکەنەوە، هەر ماوەیەک لەمەوبەر و لەکاتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشیناندا، فۆڕمی هەژماری منیان بەسەر خانەنشیناندا دابەش دەکرد و پێیان دەوتن ئەوە هی تەوتینە و مووچەکەتان دەچێتە سەر بەغدا!!

جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بدرێت تا هاوڵاتیان چەواشە نەکرێن، لە وڵاتانی پێشکەوتوودا کە کار بە سیستەمی بانکیی دەکرێت، هەموو مووچەخۆرێک مانگانە لە وادەی خۆیدا و بەبێ کێشە مووچەکەی بۆ دەکرێتە سەر هەژمارە بانکییەکە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی مانگانە مووچەخۆران مووچەکانیان زامنە و بەبێ کێشە وەری دەگرن، رێگریکردنە لە سپیکردنەوە و بەتاڵانبردنی پارەی وڵاتیش، بەڵام پڕۆژەکەی مەسرور بارزانی کە من پێی دەڵێم پڕۆژەی هەژماری پڕکردنی گیرفانی خۆیان نەک پڕۆژەی هەژماری من! تاکە ئامانجی پڕکردنی گیرفانی چەند بەرپرسێکە لە رێگەی چەند بانکێکەوە کە هەر خۆیان خاوەندارییەتی دەکەن.

کێ گرەنتی ئەوە دەداتە مووچەخۆران کە ئەگەر بەشدار بن لەو پڕۆژەیە، مانگانە مووچەکانیان بەبێ کێشە وەردەگرن؟ بەتایبەت کە لە ئێستادا یەکێک لەو بانکانەی لە هەژماری مندایە لەژێر چاودێری و لێکۆڵینەوەی خەزێنەی ئەمریکادایە، گرەنتی ئەوە دەدرێتە مووچەخۆران کە سبەینێ بانکەکە سڕ نەکرێت و هەژمار و پارەی مووچەخۆران کە لەو بانکەیە دەستیان بەسەردا نەگیرێت؟ بە درێژایی مێژووی ٣٣ ساڵەی ئەم هەرێمە، لەگەڵ دروستبوونی هەر کێشەیەک یەکسەر دەستتان بۆ پارەی ناو بانکەکان بردووە، چۆن ئێستا هاوڵاتیانی هەرێم متمانە بە ئێوە بکەن کە سبەینێ دەست بەسەر مووچەکەی ئەمانیشدا ناگرن؟

ئەوەی ماوەتەوە و وەک تاکە چارەسەری دۆخەکەیە، بەغدا راستەوخۆ لە رێگەی بانکە متمانەپێکراوەکانی خۆیەوە سەرپەرشتی پڕۆسەکە بکات و هەژماری بانکی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە، تا دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ لە هات و نەهاتی مووچە و لێبڕین و پاشەکەوت و نەدانی مووچە، مووچەخۆرانی هەرێم ئاهێک بەبەریانا بێتەوە و مانگانە بەبێ کێشە هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی عێراق، مووچەکانیان وەربگرن.


گەلەری