سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی عێراق وادەی ناردنی مووچەی مانگی ١٠ـی دیاری کرد

AM:11:45:04/11/2024

107148 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەستیان کردووە بە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ١٠ـی مووچەخۆرانی هەرێم. دەشڵێت، "ئەگەر کێشە لە لیستەکەدا نەبێت، دوای تەواوبوونی وردبینی راستەوخۆ پارەی مووچە بۆ هەرێم دەنێرین."


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەستیان کردووە بە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ١٠ـی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئاماژەی بەوەش کرد، کێشە لە لیستەکەدا نەبێت، دوای تەواوبوونی وردبینی بە زووترین کات پارەی مووچەی مانگی ١٠ـی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرین.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی ١٠ـی بۆ بەغدا ناردبوو، بەڵام بەهۆی بوونی کێشە لە لیستەکە، وەزارەتی دارایی عێراق لیستەکەی بۆ هەرێم ناردەوە، دوێنێ یەکشەممە ٣ـی تشرینی دووەم، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی ١٠ـی مووچەخۆرانی هەرێمیان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووەەتەوە.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت هەموو مانگێک لە ١٠ رۆژی یەکەمی مانگەکەدا لیستی مووچە و دەرخستەی کۆتایی مانگانە بدرێتە وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی تەموویلی مووچە دوانەکەوێت و هەرێم پابەندی ئەو رێنماییە نییە. هەروەها پێشمەرجی عێراق بۆ بەردەوامی مووچەی هەرێم رادەستکردنی داهاتی نانەوتییە، بەڵام هەرێم ئامادە نییە دەست لە نیوەی ئەو داهاتە هەڵبگرێت یان بۆ بەغدا یان بۆ مووچە، ئەمەش کێشەی مووچە قوڵتر دەکاتەوە.

ساڵى رابردوو حکومەتى کاربەڕێکەر بەهۆى پابەندنەبوونیەوە بە یاسای بودجە، لەوانەش رادەستنەکردنى داهاتەکان، نەیتوانى سوود لە گەورەترین بودجە لە مێژووى عێراقدا ببینێت، نەک هەر ئەوە، بەڵکو بەهۆى پاکنەکردنەوەى لیستى مووچە و ئامادەنەکردنى لیستێکى رێک و پێکی مووچەى مووچەخۆران لەلایەن ئەو حکومەتەوە، مووچەى سێ مانگی کۆتایی ساڵەکە فەوتا.

حکومەتى کاربەڕێکەر کە لە ئێستادا کاری بۆ تەنها ئامادەکردنى لیستى مووچە کورت بووەتەوە، بەڵام ئەمساڵ هیچ مانگێک بە دروستى لیستى مووچەى رەوانەى بەغدا نەکردووە و هیچ مانگێکیش لەکاتى خۆیدا مووچەى دابەشنەکردووە.

خۆدزینەوەى حکومەتی کاربەڕێکەر لە مووچە لە کاتێکدایە، داهاتى ناوخۆی هەرێم بەپێى راپۆرتى حکومەتى کاربەڕێکەر مانگانە ٤٥٢ ملیار دینارە و هاوکات داهاتى نەوتى قاچاخیش بە٥٠٠ملیۆن دۆلاری مانگانە دەخەمڵێنرێت، بەڵام لە ١٣ مانگى رابردوودا حکومەتى کاربەڕێکەر تەنها ٩ مووچەى دابەش کردووە و هیچ کاتێکیش وەڵامێکى روونى ئەو پرسیارەى نەداوەتەوە کە بۆچى لە داهاتەکانى ناوخۆ و نەوت مووچە دابەش ناکات.













گەلەری