سەرژمێریی ٢٠٢٤
PM:11:18:15/11/2024
1804 جار خوێندراوەتەوە
هەڤاڵ غالب
+
-
ئەگەرچی حکومەتی عێراق رایگەیاندووە سەرژمێرییەکە بۆ بابەتی پەرەپێدانە، بەڵام
هیچ گرەنتیەک نیە ئەنجامی سەرژمێرییەکە هەموو هاوکێشە سیاسیەکانی داهاتوو یەکلانەکاتەوە.
بە دەسەڵاتدارانی کورد وتراوە سەرژمێریی ١٩٥٧ بنەمایە بۆ مادەی ١٤٠، حکومەتی عێراق ئەگەر باوەڕی بە مادەی ١٤٠ هەبوایە
١٥ ساڵە جێبەجێی دەکرد!!، بۆیە دوورنیە یەکلاکردنەوەی ئەو مادەیە بە ئەنجامی ئەم سەرژمێرییەوە
ببەسترێتەوە چونکە لۆکەیشنی خێزانەکان وەردەگیرێت.
هەردوو حزبی دەسەڵات زۆر خەمساردن بەرامبەر کوردستانیبوونی کەرکوک، بۆ بابەتی
هەڵبژاردن بە ١٠٠ وەسیلە هەوڵ بۆ ناردنی هاوڵاتیان دەدەن بۆ ئەوەی لە کەرکوک دەنگیان
پێ بدەن، پارە و بەنزین و پۆست و سەردان و هەندێک جار هەڕەشە و چاو سوورکردنەوە بۆ
ئەوەی بچن بۆ دەنگدان لە ناوچەکانی مادەی ١٤٠، بەڵام بۆ بابەتێکی نەتەوایەتی و دەستنیشانکردنی
ناسنامەی کوردستانی ئەو شاره ئامادە نین ئەو هەڵمەتە بکەن.
پێویستە چی بکرێت:
١-لەسەر حزبەکانی دەسەڵات
ئەرکە بە پارە و بەنزین و شوێنی نیشتەجێبوون و هەرچی لەدەستیان دێت بیکەن تا زۆرترین
کەس بنێرنەوە کەرکوک بۆ سەرژمێری.
٢-حکومەتی هەرێم
کارئاسانی تەواو بکات بۆ پرۆسەکە، تەنها لە قەزای چەمچەماڵ بە نزیکەیی ١٠٠ هەزار
هاوڵاتی دەبێت بچنە کەرکوک پێویستە بەلای کەمەوە لە چەمچەماڵ و کەلار و ئەو شارانەی
کە دەنگدەری کەرکوک و دووز و خانەقین و موسڵ و شەنگالن، کارئاسانیان بۆ بکەن و بکرێت
بە پشووی تەواوەتی بۆ هەموو دانیشتوانەکەی.
٣- پێویستە دەزگا ئەمنیەکان
چاوکراوە بن، ئەگەر پێویست بکات هێزی زیاتر بهێنرێتە ناو گەڕەکەکان، چونکە لە هەندێک
کۆڵان تاکە ماڵێک نامێنێتەوە هەمووی چۆڵ دەبێت.
٤-ئەرکی یەکێتیە لەڕێگای
پارێزگاری کەرکوکەوە کارئاسانی تەواو بکات بۆ چوونی هاوڵاتیان بۆ کەرکوک و لەبازگەکان
بە جوانی پێشوازی بکرێن بەتایبەت رۆژی ١٩ـی ئەم مانگە.
٥- پێویستە کارمەندە کوردەکانی
سەرژمێری کە کار بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئامار و وەزارەتی پلاندانان دەکەن زۆرترین
کارئاسانی بۆ ئەو خێزانانە بکەن کە چوونەتە گەڕەکە کوردییەکانی ئەو شارە، ناکرێت پەڵپ
لە هەندێک شتی ورد بگیرێت.
*ماوەتەوە بڵێین، گرنگە هاوڵاتی بەشداربێت چونکە رەنگە ئەم راپرسیە ببێتە بنەما
بۆ زۆر شت، رەنگە کارتی زانیاری نەمێنێت، تۆی کەرکوکی لە چەمچەماڵ یان شوێنێکی تر
دادەنیشیت و کارتێکی زانیاری کەرکوکت هەیە ئیتر ناخوات، چونکە تۆ لە سەرژمێری ٢٠٢٤
لەو لۆکەیشنە تۆمارنەکراوی.
*رەنگە بکرێتە پێوەر بۆ دەنگدانی داهاتوو ئەوەی سەرژمێری لە سنووری ئەو پارێزگایە
نەبێت نەتوانێت لەوێ دەنگ بدات.
*رەنگە بۆ بابەتی خۆراکی مانگانە و کارتی بەنزین و بەشە نەوت و زۆر بابەتی
تر پشتی پێ ببەسترێت.
*لەسەرووی هەموویەوە ئەگەر تۆ وەک تاکێکی هەرێم لە حزبەکان بێزاری، دەبێت وەک
کوردێک نەتەوەییانە بیربکەیتەوە، چونکە لەسەردەمی راکان جبوری، بەپێی زانیارییەکان
سەدان هەزار عەرەب هێنراونەتە کەرکوک و لەو پارێزگایە نیشتەجێ کراون و لەم سەرژمێرییەدا
لەسەر کەرکوک تۆماردەکرێن.