سەردێڕ:

دوایین زانیاری لەسەر ناردنی مووچەی مانگی ١٠ بۆ هەرێم

AM:11:20:16/11/2024

77936 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند ، بڕیارە پێش ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی، بەغدا مووچەی مانگی ١٠ بۆ هەرێم بنێرێت.


ئەمڕۆ شەممە ١٦ـی ١١ـی ٢٠٢٤، مەریوان قەرەنی پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیارە بەر لە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی دانیشتوان لە ٢٠ و ٢١ـی ئەم مانگە، بەغدا مووچەی مانگی ١٠ بۆ هەرێم بنێرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بۆ هەرێم، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

پێشتر، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، گرفتی سەرەکی دواکەوتنی مووچەی مانگی ١٠ لە بەغداوە، حکومەتی کاربەڕێکەرە کە داوای ترلیۆنێک و ١٠٠ ملیار دیناری کردووە و ئەمەش زیاتر لەو بڕەیە کە لە بودجەدا دیاریکراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەردانەکەی ئەمجارەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێم، لەپاڵ چەندین پرسی دیکەی گرنگدا پرسی مووچە و بەبانکیکردنی یەکێک بوو لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی سودانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان.

هەر بەپێی زانیارییەکان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان وتویەتی، هەرێم بەپێی رێککەوتنەکان داهاتی نانەوتی رادەست نەکردووە، ئەوانیش ناتوانن لە دەرەوەی رێککەوتنەکان و پابەندی هەرێم پارەی مووچە بنێرن.
لەلایەکی دیکەوە، سودانی داوای کردبوو تا سبەی یەکشەممە ١٧ـی ١١، هەرێم وەک نیشاندانی پابەندیی خۆی بە رێککەوتنەکان بەشێکی داهاتی ناوخۆ رادەست بکات، تاوەکو بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ١٠ دەدرێت.

 

بەپێی نووسراوێکیش، دەبێت هەموو مانگێک لە ١٠ رۆژی یەکەمی مانگەکەدا لیستی مووچە بدرێتە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوەی تەمویلی مووچە دوانەکەوێت بەڵام هەرێم پابەند نییە و هەر جارە و بەبیانوویەک ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا دوادەخات.

هێرش قادر - هەولێر 












گەلەری