نەوەی نوێ وەک سەنگ و قورسایی تەرازوی هاوکێشەکە
AM:09:24:04/11/2024
7680 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولڕەزاق شەریف
+
-
یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک پەرلەمان و یەک هێزی پێشمەرگە، ئەو چوار پرەنسیپەن
کە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی خاوەن زۆرینەی پەرلەمانی، بۆ حوکمداری کابینەی
نوێ رایگەیاند.
هەر چواریان، چوار چاڵی شێرپەنجەیی موزمینی چارەکە سەدەیەک ژیان و تەمەنی
حوکمڕانیی هەرێمی کوردستانە، بە ویست و بەرنامە و دەستومەچەکی (پارتی خۆی و هاوپەیمانەکانی)
چێکراون و هەڵکەندراون، خەڵکوخوای کوردستانیش لە چاوەڕوانی چارەسەردا بوون، نەکرا
و بێچارە ماونەتەوە.
پارتی و یەکێتی، هەمیشە رێککەوتن، پێکهاتن، ئاشتی و تەنانەت شەڕی نێوانیشیان
بە ویست و داوا و نێوەندگیری بێگانە بووە! ئەو چوار خانە شێرپەنجەییەش هەر دەستکرد
و دڵخوازی ئەوان بووە! جارێکی تر چەندبارە حوکمداریی هاوشێوە بۆ کابینەی ئایندە (
هەمان تاس و حەمام ) پرەنسیپەکانی بارزانی ئەکاتە بڵقی سەرئاو، زامنێکیش نییە فەوت
و فەنابونیشی بەدوایا نەیەت.
لە کۆبوونەوەکانی گفتوگۆی پێکهاتن و بەشکردنی پۆستەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان،
هەرێم و ئەنجومەنی وەزیراندا، هەمیشە پۆستی سەرۆکایەتیی عێراقیش ئامادەیە، وەک
عورفێکی سیاسی بۆ شاری سلێمانی و یەکێتی نیشتیمانی ئەو سەرۆکایەتیە یەکلا بۆتەوە،
بۆیە گەر بەشدار و هاوبەش یان برابەشیش بن، یەکێتی هەر دوانی لەو چوارە پێدەبڕێت،
هەر چوار پرەنسیپەکەی بافڵی سەرۆکیش ( هاوسەنگی، راستکردنەوەی حوکمڕانی، فەوتی دەسەڵاتی
خۆسەپێن و ناڕوونیی داهاتی هەرێم ) وەک چارەنوسی چوار پرەنسیپەکەی سەرۆکی پارتی بەسەردێت
و فەوت و فەنابونیش ئایندەیەکی ئامادەتر دەبێت.
قورسترین ئەرک و هەوڵەکانی پارتی و یەکێتی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێن و پرەنسیپەکانیان
(بۆ یەکێتی زیاتر لە پارتی) بەجیا کۆکردنەوەی "یەک و نیوەیە" لەم حاڵەتەدا
(نەوەی نوێ) سەنگ و قورسایی راگرتنی تەرازوی هاوکێشەکەیە، ئەگەر بەڕاستی بۆ یەکەمجار
بە دڵسۆزی خاوەنی بەڵێنی خۆیانن؟ نەم بەتەنگ ژیان و مانەوەی خەڵک و خاکی کوردستانەوەن!؟ پێویستە هەریەک لای خۆیەوە لە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە قورس و گرانەدا بێت و ئەویتریش
قەبوڵی هاوبەشی و کەمبەشی دەرئەنجامەکانی بکات.
ئاشکرایە (نەوەی نوێ) بە ستوونی و ئاسۆیی، لە هیچ جومگەیەکی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا
نەبوون و نین، هەر دوو چوار ئامانجەکەی دوو سەرۆکی پارتی و یەکێتیان وەک پرەنسیپ،
لە رێککەوتنێکی کۆنکرێتیدا، بە چاودێریی زۆرینەی پەرلەمانی قەبوڵە، مەرجی ئەوەڵ و
ئەخیریشیان وەرگرتنی دەسەڵاتی یەکەمی جێبەجێکردنی هەرێمی کوردستانە.
بە پێی شوناس و ناسینی پارتی و یەکێتی، لای خۆیان و خەڵکی کوردستان، رادەستکردنی
پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ نەوەی نوێ، خەیاڵ و کاری نەکردەیە، بەڵام لە دنیای
حوکمڕانی و پەرۆشی بۆ نیشتیمان و پرۆسەی دروستی حوکمڕانی ( لە پێکنەهاتن و قەبوڵنەکردن
)ی دوو هێزی یەکەمدا، ئاسانترین رێگە پەنابردنە بۆ هێزی سێیەم و تەنانەت چوارەم و
پێنجەم و هەتا کەسی تەکنۆکراتیش، ئەزمونی حوکمڕانی پێشووی ئەوانیش سەلمێنەری ئەو
راستیەیە کە بەهێزی سێیەم نەبێت بەخۆیان ناکرێت و تونێڵێکی تاریک رێی بەردەبازیانە.
کاتێک بەرنامەیەکی گشتویست و گشتگیری خزمەتکردن و مانەوەش مەرج و ئامانجی هەموان
بێت، ئیتر عینادی و پاوانکردنی پۆست و دەسەڵات بۆ خزموخوێش سەرەخۆرەیە، جگە لە مانەوەی
کیانی گیانێکی داڕزاوی لێواری سەرەمەرگ، هیچیتری لێ سەوز نابێت.
لە دنیادا، دەیان نموونەی لەم جۆرە بۆ پاراستن و دەربازکردنی قەوارەی سیاسی
پیادە کراوە، سودانیەکەی سەرۆکی حکومەتی ئێستای عێراقی فیدراڵ، نزیکترین و زیندوترینیانە.