سەرژمێرى ئامرازێکى گرنگى ئیدارەى وڵاتە بەتایبەتى بۆ وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان بۆ ئەوەى نەخشەرێگاى وڵات دیارى بکەن لانیکەم تا ١٠ ساڵى داهاتوو، لە ماوەى ١٠٠ ساڵى رابردووشدا نۆ جار سەرژمێرى کراوە و وردترینیان سەرژمێرى ساڵى ١٩٥٧ بووە.
سەرژمێرى پرۆسەیەکى سیستماتیک و گشتگیرە، پرۆسەی کۆکردنەوە، هەڵسەنگاندنى داتاکانە و لە ماوەى ١٠٠ ساڵى رابردووشدا لە عێراق نۆ جار سەرژمێرى کراوە و وردترینیان سەرژمێرى ساڵى ١٩٥٧ بووە کە بنەمای ئەم سەرژمێریەیە.
ئامانج لەو پرۆسەیە ئەوەیە بزانرێت ژمارەى دانیشتوان چەندە، چەندەى پیاوە
و چەندى ژنە، رێژەى بێکارى چەندە، ژمارەى دانیشتوان چۆن دابەشبوون، چەندی شارنشین
و چەندى گوندنشینن، هەروەها چەندى هاوسەرگیریان کردووە و رێژەى گەشەى دانیشتوان چەندە
و چەندى کارمەندى حکومەتن و چەندیان لە کەرتى تایبەتدا کاردەکەن.
هەروەها پێکهاتەى ماڵەکان چۆنن، هاوڵاتیان چەندیان پێداویستى تەواوى
ماڵیان هەیە و پێویستە سەرژمێرییەکە لەیەککاتدا لە تەواوى وڵاتەکەدا بکرێت بۆ ئەوەى
دواین زانیاریی وەربگیرێت.
مەبەستێکى دیکەى سەرژمێرى بۆ ئەوەیە رێژەى نوێنەرایەتى ناوچەکان لە دەوڵەتدا
دیارى بکرێت لەسەر بنەماى دانیشتوان، ژمارەى ئەندامانى پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاکان
و دەسەڵاتەکان، هەروەها گۆڕینى دیمۆگرافیاى ناوچەکان.
سەرژمێرى ٢٠ـی ئۆکتۆبەر ٢٠٢٤ یەکەم سەرژمێرییە لە دواى روخاندنى رژێمى
بەعسەوە کرابێت و لە ماوەى ٢١ ساڵى رابردوودا پشت بە داتاکانى وەزارەتى پلاندانان
و وەزارەتى بازرگانى بەستراوە و لەرەنگە لە ئێستاوە زانیارى ورد لەبەردەستى حکومەتى
عێراقدا بێت بۆ چارەسەرکردنى چەند پرسێک.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکارى دارایی سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند،
لەسەر بنەماى زانیارییەکانى سەرژمێرى رێنیشاندەرى حکومەت دەبێت بۆ وەبەرهێنان و
پلانى گەشەپێدانى ئابورى. هەروەها بۆ دابینکردنى ئاو، کارەبا، خزمەتگوزارییە تەندروستى
و پەروەردەییەکان.
یەکێکى دیکە لە مەبەستەکانى سەرژمێرى دابەشکردنەوەى سەرچاوەکانى
داهاتە بەپێى پارێزگاکان و ناوچەکان، عەتوان عەتوانی ئاماژەی بەوەشکرد، سەرژمێری پێوەرێکی
بنەڕەتییە بۆ دابەشکردنی سەرچاوە خزمەتگوزاری و داراییەکان لە نێوان پارێزگاکان و
تێپەڕاندنی ئەو پرۆسەیە.
باسی لەوەش کرد، سەرژمێرى دەبێتە بنەڕەتى دووبارە بونیادنانەوەى عێراق
و زانینى پێداویستییە سەرەکییەکانى خەڵک، بەو پێیەی لە رێگەی پرۆسەکەوە زانیاریی
دروستیان لەسەر رێژەی بێ کاری و هەژاری و ئەو جێگایانەی کە کەمترین خزمەتگوزارییان
پێگەشتووە دەستدەکەوێت.