راگەیاندنی کوردیی دەیان ساڵە کارێکی زۆری کردووە و هەوڵێکی زۆریداوە بۆ پاراستنی مێژوو، زمانی گەلەکەمان، گەیاندنی دەنگ و دۆزی کورد و کوردستان بە جیهان.
لەو چێوارچێویەشدا، کار و خەباتی زۆر پیرۆز کراوە و بێگومان لەو پێناوەشدا قوربانی گەورە دراوە، مێژووی ئێمە، لێوان لێوە لە ستەم، هێرش و شەڕانگێزی سەپێنراو بەسەرماندا کە لە بەرامبەریدا بەرخۆدان و خۆڕاگریمان کردوە، تا ئێستا دەیان لە خەباتکارانی راگەیاندن شەهید بوون.
مێژووی چاپەمەنی کوردی پڕە لە دەربەدەری، ستەم و هێرش، بەڵام ئێمەی رۆژنامەوانان
و میدیاکاران بەرەنگاری هەموو ئەوانە بووینەتەوە و لە دژیان جەنگاوین. ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە
کە ئەم خەباتە بچێتە قۆناغێکی نوێوە، بۆ بەدیهاتنی ئەوەش، کاتی هاتووە کۆببینەوە و
دامەزراوەیەکی نوێ لە دەرەوەی وڵات بنیات بنێن.
وەک دەزانرێت سەدان رۆژنامەنووسی کورد لە
سەرتاسەری کوردستانەوە بە هۆکاری جۆراوجۆر ناچاربوون روو لە دەرەوەی وڵات بکەن و
لە تاراوگە درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن، بەڵام جێهێشتنی وڵات هۆکار نەبوو بۆ
دابڕانیان کاری میدیایی و خەبات بۆ ئازادیی کورد و کوردستان، ئەم دۆخەی رۆژنامەنووسانی
کورد دەتوانێرێت بە شێوەیەکی گەورەتر و رێکخراوتر بەردەوام بێت، لە دەرەوەی وڵات
هەریەکەمان لەلای خۆیەوە بەردەوامە لە پەیوەندیکردن لە گەڵ دامەزراوە و پلاتفۆرمە
جیاوازە میدیایەکان، ئەوەش بەبێ ئاستەنگ و ئاڵەنگاری نییە و دەبێتە هۆی
کەمبوونەوەی کاریگەرییەکانی میدیای کوردیی.
بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگ، ئاڵەنگاریانە و
درێژەدان بە میراتی رۆژنامەگەریی کوردیی و گەورەترکردنەوەی خەبات، پێویستە
بەرلەهەموو شتێک لە ژێر چەتری دامەزراوەیەکدا کۆببینەوە، گفتوگۆ بکەین و رێکخستنی
خۆمان تاوتوێ بکەین.
رەنگە بیروڕامان و ئەو دامەزراوانەی کاریان تێدا
دەکەین جیاواز بن، ئەمە هۆکارێک نییە بۆ گەشەپێنەدانی رۆژنامەگەری کوردی و پێکەوە
نەبوونمان، بۆ ئەوەی لە دەرەوەی وڵات چەترێک بۆ میدیای کوردیی دامەزرێنین و
پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە هاوشێوەکانی لە ولاتانی جیهاندا دروست بکەین تا لە رێگەیەوە
دەنگ و رەنگی گەل و نیشتمانەکەمان ببیستن و ببینن، پێویستە ئیرادەیەکی هاوبەش و
پێکەوەکارکردنمان هەبێت، ئەمە تەنها ئەرکێکی مێژوویی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ
سەرجەم ئێمەی رۆژنامەنووسانی کورد بۆ زیاتر خۆڕیخستن و پەرەدان بەکاری میدیایی.
ئەمڕۆ، ئێمە کۆمەڵێک رۆژنامەنووسی سەرجەم
بەشەکانی کوردستان بانگتان دەکەین بۆ ئەوەی کۆببنەوە، ئێمە ئەم بانگەوازە بۆ گەشەی
زیاتری پەیوەندی رۆژنامەنووسان، راگەیاندنە کوردییەکان و پیکهێنانی رێکخراوێکی رۆژنامەوانی
گەورە دەکەین، ئامانجمان بەستنی کۆنفرانسێکە بە بەشداری سەرجەم رۆژنامەنووسانی
کورد بەبێ جیاوازی بیروڕا، تا لەو کۆنفرانسەدا هەموو بابەتەکان پێکەوە تاوتوێ
بکەین. شیکردنەوەی بۆ هەموو کێشە و دەرفەتەکان بکەین و ستراتیژی بۆ داهاتوو
داربڕێژین. ئەم کۆنفرانسە دەتوانێت نوێنەرایەتی ئیرادەی هەموو بەشداربووان بکات،
تا لەرێیەوە بەرپرسیارێتیمان هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانمان.
ستراتیژیەکی دروست و هاوبەش وا دەکات کە چاپەمەنی کوردیی لە ئاستی جیهاندا هێزێکی
کاریگەری هەبێت.
ئەم بانگەوازە بۆ فراوانکردن و
بەڕێخستنکردنی رۆژنامەگەریی کوردییە.
بانگەوازێکە بۆ یەکڕیزی و بەرپرسیارێتیی، با ئیرادەی بەکۆمەڵمان نیشان بدەین،
میدیاکانمان فراوانتر بکەینەوە و بەشێک بین لە خەباتی پیرۆزی خەڵکی کوردستان.
رۆژنامەنووسانی کورد