لیژنەی باڵای ئەمنی هەرێم كۆبوونەوەیەكی لەسەر تاوتوێكردنی پڕۆسەی سەرژمێری ئەنجام دا و رایگەیاند، کارمەندانی پۆلیس، ئاسایش، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی، تیمەکانی تەندروستی، کارمەندانی تەکنیکیی کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن، کارمەندانی ئێشکگری کۆمپانیای بواری نەوت و وزە، دەرمانخانەکانی ئێشکگر، رۆژنامەنووسان، نانەواخانە و سوپەرمارکێتەکان قەدەغەی هاتوچۆ نایان گرێتەوە.
ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی ١١ی ٢٠٢٤، پارێزگای هەولێر رایگەیاند،"لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە بایەخ و گرنگی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی کرا و هانی هەموو هاوڵاتیان درا، بە ئامادەبوون لە ماڵەوە بە راستی و دروستی داتاکانی خۆیان لەو پڕۆسەیە تۆمار بکەن."
ئاماژەی بەوەش کردووە تەنها تیمەکانی پۆلیس، ئاسایش، هاتووچۆ،
بەرگریی شارستانی، تیمەکانی تەندروستی، کارمەندانی تەکنیکیی کۆمپانیاکانی بواری
گەیاندن، کارمەندانی ئێشکگری کۆمپانیای بواری نەوت و وزە، دەرمانخانەکانی ئێشکگر،
رۆژنامەنووسان، نانەواخانە و سوپەرمارکێتەکان بۆ خۆراکی سەرەکی، بە سنوورداری
کراوە دەبن و قەدەغەی هاتوچۆیان بەسەردا جێبەجێ نابێت.
هاوکات، فڕۆکەوانی مەدەنی ئاماژەی بەوە
کرد، لە رۆژانی ٢٠ و ٢١ی مانگ کە سەرژمێری گشتییە و قەدەغەی هاتوچۆیە، گەشتەکانی فڕۆکەخانە
بەردەوام دەبن.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا
ئەم بڕیارانە دران:
یەکەم:پاڵپشت
بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانبەران و کارمەند و ئەفسەران، ئەوانەی خەڵکی
رەسەنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، پێویستە لە
رۆژانی ١٧، ١٨ و ١٩ـی تشرینی دووەم لەو شوێنانە بن بۆ ئەوەی لەلایەن بژمێرەکانی
سەرژمێری زانیارییە سەرەتاییەکان تۆمار بکەن. دواتر پێویستە رۆژانی ٢٠ و ٢١ـی
تشرینی دووەم، وەکو ئەوەی لە رێنماییەکانی وەزارەتی پلانداناندا هاتووە، لەو
شوێنانە بمێنن بۆ ئەوەی بژمێرەکان پشتڕاستی زانیارییەکان بکەنەوە و دڵنیابن لەوەی
هیچ خانەوادەیەک یان ئەندامی خانەوادەیەک لەبیر نەکراوە. پێویستە هاونیشتمانیان
بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەکو کارتی نیشتمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و
رەگەزنامە، لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک لەگەڵ خۆیان ببەن و لەو ناوچانە خۆیان ناونووس
بکەن. ئەوانەی گوند و لادێکانیان خاپوو کراوە و شوێنی مانەوەیان نییە، دەتوانن لە
شوێنی دانیشتنی ئێستایان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆیان ناونووس
بکەن، بەڵام ئاماژە بە زێدی رەسەنی خۆیان بکەن و هۆکاری راگواستن و دەرکردنیان
تۆمار بکەن.
دووەم: دانیشتووانی خۆجێی پارێزگا و ئیدارە
سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، پێویستە هاوڵاتیان بەڵگەنامە فەرمییەکانی خۆیان وەکو
کارتی نیشتمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە، لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک
ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بژمێر تەواوی زانیاریی خێزانەکەیان بە راستی و دروستی تۆمار
بکات.
سێیەم:هەر
هاووڵاتییەک بە هەر هۆکارێک لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان نییە، پێویستە
خانەوادەکەی بەڵگەنامە پێویستەکانی وەکو کارتی نیشتیمانی، یان ناسنامەی باری
شارستانی و رەگەزنامە، لە لای خۆیان ئامادە بکەن و پێشکێشی بژمێری بکەن بۆ
تۆمارکردن.
چوارەم:بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی
سەرژمێری، کاتژمێر ١٢ـی شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ تاوەکو کاتژمێر ١٢ـی شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ـی
تشرینی دووەمی ٣٠٣٤، لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە قەدەغەی هاتوچۆیە.
هاوڵاتییان پێویستە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و چاوەڕێی بژمێرەکان بکەن تاوەکو
سەردانیان بکەن و زانیارییەکانیان بە دروستی تۆمار بکەن. هاتنەدەرەوە و هاتوچۆی
ناوشارەکان و نێوان شارەکان سنووردار دەبێت و تەنها تیمەکانی پۆلیس، ئاسایش،
هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی، تیمەکانی تەندروستی، کارمەندانی تەکنیکیی کۆمپانیاکانی
بواری گەیاندن، کارمەندانی ئێشکگری کۆمپانیای بواری نەوت و وزە، دەرمانخانەکانی
ئێشکگر، رۆژنامەنووسان، نانەواخانە و سوپەرمارکێتەکان بۆ خۆراکی سەرەکی، بە
سنوورداری کراوە دەبن. هەر دامودەزگایەکی دیکەی کەرتی گشتی و تایبەت کە سرووشتی
کارەکانیان پێویست دەکات، بە سنوورداری رێگای هاتوچۆیان پێ دەدرێت. نوێنەران و
کارمەندانی نێردە دیبلۆماسییەکان و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە
نێودەوڵەتییەکان و کەسانی بیانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە قەدەخەی هاتووچۆ
ریزپەڕ دەکرێن.
پێنجەم:فڕۆکەخانە و دەروازە نێودەوڵەتییەکان
بۆ گەشتیاری و هاتن و جووڵەی بازرگانی کراوە دەبن.
شەشەم:دەسەڵات
دەدرێتە پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان بەمەبەستی دۆزینەوەی
میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ و هاوکاریکردنی تیمەکانی سەرژمێری
بۆ ئەوەی کارەکانیان بە دروستی ئەنجام بدەن.