ئایدین و رۆژین- رۆیتەرز
PM:08:17:16/11/2024
11560 جار خوێندراوەتەوە
نامەیەکی فەیسبووک، بوو بە هۆی ئەوەی دوو برا کە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە بەهۆی هێرشی چەکدارانی داعشەوە بۆسەر شنگال لێک دابڕبوون، یەکتر بدۆزنەوە و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەنەوە.
ئایدین کە گەنجێکی ئێزیدییە ساڵی ڕابردوو لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک دەستی کرد بە بانگەشە کردن بۆ برا ونبووەکەی کە ناوی رۆژین حەدید تەڵاڵە و دواتر رۆژین لە فەیسبووک نامەی بۆ ئایدن ناردووە و سەرەتا ئایدین بڕوای نەکردووە بەو ئاسانییە براکەی بدۆزێتەوە و چیرۆکەکەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز گێڕاوەتەوە.
رۆژین
باسی لەوە کردووە، لە ساڵی ٢٠١٤ـدا چەکدارانی داعش ئەوانیان بردووەتە سوریا و
بەهۆی ئەوەی منداڵ بوون و خێزانێک هەڵی گرتوونەتەوە و دواتر ئەو خێزانە فرۆشتوونی
بە خێزانێکی دیکە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای کۆتایی هاتنی داعش لە سوریا ڕەوانەی
کەمپی دەستبەسەرکردنی هۆل کرا، بەڵام کەسێک دەدۆزێتەوە و بە قاچاخ لەو کەمپە
دەیباتە دەرەوە و ساڵانێک لە سوریا دەژیت و ئەوەی لە توانایدا بووە کردوویەتی بۆ
ئەوەی پارەیەک پاشەکەوت بکات بۆ گەڕان بەدوای خێزانەکەیدا.
ئەوەشی خستووەتە روو، "کە لە
هۆل هاتمە دەرەوە مۆبایلێکم کڕی و دەستم کرد بە گەڕان لە سۆشیال میدیا، لە
فەیسبووکدا بەدوای ناوی براکەمدا دەگەڕام، چەندین کاتژمێرم لە گەڕان و گەڕان بەسەر
برد تا ناوی براکەمم دۆزیەوە کە ئایدن حەدید بوو، داواکاریی هاوڕێیەتیم بۆ نارد و
دەستم کرد بە پەیوەندی لەگەڵیدا."
دوای دۆزینەوەی هەژماری یەکدی، لە کۆتاییدا، ئایدین لە سەرەتادا باوەڕی نەکردووە رۆژین برای بێت بەڵام رۆژین چەندان بەڵگەی داوەتە ئایدین و لە کۆتایدا باوەڕی کردووە کە رۆژین برایەتی و دواتر دەستیان کردووە بەوەی پلان دابنێن بۆ یەکتربینینەوە و ژیانکردن پێکەوە.
سەرەڕای دڵخۆشی دووبراکە بە یەکگرتنەوەیان ئاسان نەبوو یەکتر ببینن، بەو پێیەی ڕۆژین هیچ ناسنامە و بەڵگەنامەیەکی گەشتکردنی نەبووە، دەبوو
بە قاچاخ بڕواتە دەرەوەی سوریا.
رۆژین دەڵێت، "پەیوەندیم بە ماممەوە کرد بۆ
ئەوەی ڕێگەیەک بدۆزمەوە بۆ ئەوەی دەربچم و مامی من وتی، باشە، نیگەران مەبە، هەوڵ
دەدەم ڕێگەیەکت بۆ ڕێکبخەم، پێم گوت باشە، چاوەڕێ دەکەم و دوای نزیکەی دوو سێ ڕۆژ
مامم وتی کەسێک پەیوەندیت پێوە دەکات بۆ ئەوەی دەرت بکات و بە خێزان و براکەم
شادبوومەوە".
ئەو دوو برا ئاماژە بەوە دەکەن لە
ئێستادا، ژیانێکی ئارام دەژین و بیر لەوە دەکەنەوە لە داهاتوودا خوێندیان تەواو
بکەن و کارێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە یان بچنه دەرەوەی وڵات بۆ کارکردن و خوێندن.