PM:12:46:15/11/2024
4456 جار خوێندراوەتەوە
حکومەتی کاربەڕێکەر روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە پشووی فەرمی بەهۆی سەرژمێرییەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پشووی رۆژی ١٥ تا ٢٣ـی ١١ تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ نیشتەجێن.
ئەمڕۆ هەینی، حکومەتی کاربەڕێکەر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پشووی فەرمی بەهۆی ئەنجامدانی سەرژمێری، لە رۆژانی ١٥ تاکو ٢٣ـی مانگ، تەنها فەرمانبەرانی راژەی شارستانی و سەربازی و هێزی ئاسایشی ناوخۆ و قوتابیان لە گشت قۆناغەکانی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکانی سنووری ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ دەگرێتەوە.
باسی لەوەش کردووە، ئەو پشووە نۆ رۆژییە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، تەنها رۆژانی ٢٠ و ٢١ـی مانگ پشووی فەرمییە لە هەرێمی کوردستان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژانی ٢٠ و ٢١ـی ئەم مانگە لە سەرتاسەری عێراق
سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان بەڕێوەبچێت.