PM:10:12:14/11/2024
1340 جار خوێندراوەتەوە
تا پێکهێنانى کابینەى نوێ زیاتر دوابخرێت، لە زیانى خەڵک و قازانجى پارتى و خودى مەسرور بارزانیە، بەو پێیەى هەرچەندە دوو ساڵ زیاترە ماوەى یاسایی کابینەکەى تەواو بووە و پەرلەمانیش کارا نیە چاودێرى حکومەت بکات، تەنانەت ئەگەر پەرلەمانى نوێش دەستبەکاربێت ناتوانێت لێپرسینەوە لە حکومەت بکات، بۆیە دواى هەڵبژاردن هیچ بەهانەیەک نەماوەتەوە بۆ دواخستنى پێکهێنانى کابینەى نوێ.
تا پێکهێنانى کابینەى نوێ دوابکەوێت، لە زیانى خەڵک و قازانجى دەسەڵات و بەتایبەتى پارتى و خودى مەسرور بارزانییە، چونکە سەربارى نەمانى شەرعیەت لە پۆستەکەیدا بەردەوامە، بەتایبەتی ئێستا لە بۆشایی نەمانی پەرلەماندا چاودێری حکومەت ناکرێت و ئەوەش هێندەی تر چووەتە قازانجی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە.
ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان
دەریخست، هاوڵاتیانى هەرێم بە رێژە دەنگیان بە حزبەکان داوە و هیچ حزبێک زۆرینە
نیە بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت یان هەر لەسەرەتاوە لافى پێکهێنانى حکومەت و
وەرگرتنى سەرۆکى حکومەت لێبدات.
بەپێى ماددەى سێى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى
کوردستان دواى ١٠ رۆژ لە پەسەندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردن دەبێت خولى نوێى پەرلەمان
کۆبێتەوە و سەرۆکایەتییەکان هەڵبژێردرێن، بۆ ئەوەى هەرچى زووە کابینەى نوێى حکومەت
دەستبەکاربێت، بەپێچەوانەشەوە دواخستنى هەڵبژاردن لە قازانجى ئێستاى سەرۆکى
حکومەتى کاربەڕێکەردایە و بەردەوامى بە دەسەڵاتەکەی دەدات، لەکاتێکدا حکومەتەکەى
دوو ساڵ زیاترە ماوەى یاسایی تەواو بووە.
کەواتە هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەى دواى شەش
ساڵ کاتى ئەوەیە کابینەیەکى جیاوازى حکومەتى هەرێم پێکبهێندرێت و بە بەرنامە و
ستراتیژیێکى نوێوە دەستبەکاربێتەوە و دەسەڵات و پێگەکان لەسەر بنەمایەکى نوێ
دابڕێژرێتەوە، بۆ ئەوەى لەلایەک ببێتە ئامڕازێکى کاریگەرى چارەسەرى کێشەکان،
بەتایبەتى مووچە و پشکى هەرێم، لەلایەکى دیکەوە کۆتایی بە کابینەى ئێستا حکومەت
بێت و شەرعیەت بگەڕێتەوە بۆ دامەزراوەکان.