سەردێڕ:

بە مەبەستی ئاشتی؛ نوێنەری ئەمریکا لە لوبنانە

PM:10:16:20/11/2024

1444 جار خوێندراوەتەوە

خەریکە ئاگرەجۆشدراوەکەى ناوچەکە بەرەو کوژانەوە دەچێت و نوێنەرى ئەمریکاش بە ١٣ خاڵەوە چووەتە لوبنان و دەڵێت، مەبەستیانە کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان بهێنن.


ئامۆس هۆکشتاین نوێنەری تایبەتی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کە لە١٩ی ئەم مانگەوە چووەتە لوبنان ولەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری ئەو وڵاتە گفتوگۆی لەبارەی پێشنیازەکە و خاڵە ناکۆکییەکان کردووە.

لەو چوارچێوەیەدا نەجیب میقاتی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری لوبنان بە نوێنەرە ئەمریکییەکەی ڕاگەیاندووە، کاری پێشینە لە ئێستادا ئاگربەست و پاراستنی سەرەوەریی لوبنانە، پێداگریشی لەسەر گەڕاندنەوەی ئاوارەکان کرد بۆ ناوچەکانیان، لەگەڵ بەهێزکردنی دەسەڵاتی سوپای لوبنان.

 

هەرچۆنێک بێت سەردانەکەی ئامۆس هۆکشتاین بەرەوپێشچوونێک دەردەخات لە هەوڵە دیبلۆماتییەکاندا بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا، کە ئامانج لێیان کۆتایی هێنانە بە ململانێیەک کە لە مانگی ئەیلولی ڕابردووەوە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە، کاتێک ئیسڕائیل لەشکرکێشییەکی گەورەی دژی حزبوڵا لە لوبنان دەستپێکرد.

گرنگترین خاڵه‌كانی پێشنیازی ئاگربه‌سته‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكاش بریتین لەوەی ئیسرائیل و لوبنان دان به‌ گرنگی جێبه‌جێكردنی بڕیاری ١٧٠١ دا بنێن، لە کاتی پێویستیشدا لوبنان و ئیسرائیل مافی به‌رگریكردن له‌ خۆیان هه‌یه‌.

هەروەها سوپای لوبنان ببێتە‌ تاكه‌ هێز كه‌ بوونی هەبێت له‌ باشوری وڵات و هه‌ر چه‌ك فرۆشتنێك ده‌بێت له‌ژێر كۆنتڕۆڵی حكومه‌تی لوبنان دا بێت.

هەر بەپێی پێشنیازەکە پێویسته‌ ئیسرائیل له‌ ماوی حەوت رۆژدا له‌ باشووری لوبنان بكشێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی دیكه‌ سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌كه‌ بكه‌ن.

دەشبێت له‌ ماوه‌ی ٦٠ رۆژدا لوبنان گروپه‌كان له‌ چه‌ك دابماڵێت، کە بە شێوەیەکی سەرەکی مەبەست لێی حزبوڵڵایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئازادی جموجۆڵی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشوری لە خوار ڕوباری لیتانی لە لوبنان و دیاریکردنی هێڵی سنوری نێوان هەردوو وڵات، دیارترین خاڵی ناکۆکین.

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، ئامۆس هۆکشتاین بڕیاریداوە لە لوبنان بمێنێتەوە بۆ چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکەکان بەر لەوەی بەرەو تەلئەبیب بەڕێبکەوێت.

هەرچۆنێک بێت هۆکشتاین پێی وایە ئێستا هەلێکی گرنگ و ڕاستەقینە هەیە بۆ کۆتاییهینان بە جەنگی لوبنان و بڕیاری کۆتاییش بە دەستی بەرپرسانی ئیسڕائیل و حزبوڵڵایە.













گەلەری