وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، ٤٠٠ ملیار دیناریان وەک شایستەی دارایی جوتیاران بۆ وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم لە ساڵی ٢٠٢٤ بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەرکوک و نەینەوا ناردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەشی ژمێریاری کۆمپانیاکەیان ئەمڕۆ دەستیان کردووە بە ناردنی ٤٠٠ ملیار دیناربۆ جوتیارانی هەرێم و پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا.
دەشڵیت، "کۆمپانیای دانەوێڵە لە وەرزی بەبازاڕکردنی
گەنمی ساڵی ٢٠٢٤دا، یەدەگی ستراتیژی و خۆبژێوی بۆ دوو وەرزی لەسەریەک بەدەستهێناوە".
ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆمپانیاکە لە ئێستادا کاردەکات،
وەک بەشێک لە پلانەکەی بۆ وەرزەکانی داهاتووی بازاڕکردن، بۆ زیادکردنی توانای هەڵگرتن
لەڕێگەی دروستکردنی سایلۆ و بنکەر کە بتوانێت زۆرترین بڕی گەنم لەخۆبگرێت بۆ هەڵگرتێکی
سەلامەت.
پێشتر، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی حکومەتی کاربەڕێکەری
هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە بەغداوە ئاگادار کراونەتەوە کە پارەی گەنمی جوتیاران
دەنێردرێت. دەشڵێت، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە دەست بە دابەشکردنی دەکەن.
لە ٢٠ـی تەمموز پڕۆسەی
وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە هەرێم کۆتایی هات، وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی
کاربەڕێکەری هەرێمیش رایگەیاند،وا بڕیار بووە ٧٠٠ هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەر بگیرێت،
بەڵام، بڕی ٦٨٥ هەزار و ٩٧٤ تۆنیان لە جوتیاران وەر گرتووە،ئەو بڕەی
نەتوانراوە لە جوتیاران وەربگیرێت ١٤ هەزار و ٢٥ تۆن گەنم بووە، ئەوەش بەهۆی ئەو
گەنمە بەپێی ئەو مەرجانە نەبووە کە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دایناوە.