سەردێڕ:

لێدوانی حکومەتی کاربەڕێکەر لەبارەی مووچەی مانگی ١٠

AM:11:56:14/11/2024

24164 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەر بە میدیایی پارتی راگەیاند، بە ئەگەرێکی زۆر هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچەی مانگی ١٠ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.


پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەر ئاماژەی بەوە کرد، بەشێک لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر کراون.

ئەوەشی خستووەتە روو، ئەو کێشانەشی کە ماون بە گفتوگۆ چارە دەکرێن و گەشبینیشن لەو بارەیەوە و پێشبینی دەکەن هەفتەی داهاتوو پارەی مووچە بگاتە هەرێم.

لێدوانەکانی پێشەوا هەورامانی لەکاتێکدایە، دوێنێ، سەرۆک وەزیرانی عێراق هاتە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک کۆبوونەوەی لە شاری هەولێر و سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و بەشێکی لایەنە سیاسییەکان ئەنجام دا کە تێیدا پرسەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، مووچە و بودجە، پرسی نەوت، سەرژمێریی گشتی و چەند دۆسیەیەکی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ کران.

بەپێی زانیارییەکان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان وتویەتی، هەرێم بەپێی رێککەوتنەکان داهاتی نانەوتی رادەست نەکردووە، ئەوانیش ناتوانن لە دەرەوەی رێککەوتنەکان و پابەندی هەرێم پارەی مووچە بنێرن.


لەلایەکی دیکەوە، سودانی داوای کردووە لەم چەند رۆژەی داهاتوودا هەرێم وەک نیشاندانی پابەندیی خۆی بە رێککەوتنەکان بەشێکی داهاتی ناوخۆ رادەست بکات، تاوەکو لە هەفتەی داهاتوودا بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ١٠ دەدرێت.

باسی لەوەش کردووە، ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ـی ئەمساڵیش، پەیوەستە بە پابەندبوونی هەرێم بە رێککەوتنەکان و ئاسانکاریکردن بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.













گەلەری