توێژینەوەیەک دەریخستووە کە ئالوودەبوون بە ئینتەرنێت لە هەرزەکاراندا تۆڕەکانی نێوان ناوچە جیاوازەکانی مێشکیان دەگۆڕێت و لەوانەیە وایان لێبکات ئاسانتر ئالوودەی هەر شتێکی تر بن.
توێژەران روونیان کردەوە کە ئالوودەبوون بە ئینتەرنێت پەیوەندی بە تێکچوونی هەندێک وێستگەی مشێکەوە هەیە کە لە چەندین تۆڕی دەماریدا بەشدارن.
ماکس ژانگ، هاوکارى توێژینەوەکە و توێژەر لە زانکۆ دەڵێت، "ئەم تۆڕانە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە کۆنترۆڵکردنی سەرنجەکانمان، بە هاوکاری لەگەڵ توانای هزری، یادەوەری، هەماهەنگی جەستەیی و پرۆسێسی سۆزداری..هتد هەموو ئەمانە کاریگەرییان لەسەر تەندروستی دەروونی هەیە".
لە توێژینەوەکەدا، ژانگ و هاوکارەکەی ئێرین لی، پێداچوونەوەیان بە توێژینەوەی پڕ لە وێنەی دەماری کردووە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئالوودەبوون بە ئینتەرنێت لەسەر مێشکی گەنجان.
پێداچوونەوەکە تیشکی خستووەتە سەر ١٢ توێژینەوەی وێنەی دەماری لەسەر هەرزەکارانی ئالوودەبوو بە ئینتەرنێت، کە گۆڕانکارییەکانی پەیوەندی نێوان تۆڕەکانی مێشکیان نیشانداوە، کە بە هاوبەشی کاردەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی رەفتار و گەشەکردنی گرنگ.
دەردەکەوێت کە کاتێک هەرزەکارانی ئالوودەبوو بە ئینتەرنێت سەرقاڵی چالاکییەکان بوون کە لەلایەن تۆڕی کۆنترۆڵکردنی جێبەجێکاری مێشکەوە بەڕێوەدەبرێن "وەک رەفتارێک کە پێویستی بە سەرنجدان و پلاندانان و بڕیاردان هەیە"، ئەم ناوچانەی مێشک تێکچوونێکی "بەرچاو"یان لە تواناکانیان بۆ کارکردن پێکەوە نیشانداوە.
ژانگ وتی، "ئەم تێکچوونانە زۆرجار لە کاتی ئەو ئەرکانەدا روویداوە کە پێویستیان بە سەرنجدان و تەرکیزکردن هەیە" "ئەم جۆرە گۆڕانکاریانە لە وێستگەکاندا رەنگە کاریگەرییان هەبێت لەسەر گەشەکردن و خۆشگوزەرانی.