سەردێڕ:

لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم؛ وەزیرى نەوت و لیژنەى دارایی پەرلەمان کۆبوونەوە

PM:05:12:13/11/2024

1064 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ چڕبوونەوەى هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتی هەرێم، وەزیرى نەوت لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمان کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر لایەنە داراییەکانى هەناردەى نەوتی هەرێم، لیژنەى داراییش دەڵێت تا ئەو کاتەى گرێبەستەکان هەمواردەکردێنەوە پێویستە قۆناغێکى راگوزەر هەبێت.


بۆ تاوتوێکردنی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق و عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.

 

لای خۆیەوە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، رادەستکردنی نەوتی هەرێم بەپێی ڕێژەی بەرهەمهێنانی پێویست بۆ کۆمپانیای سۆمۆ دەبێت. وتیشی، داهاتی ئەو بڕە هەناردەکراوانە دەخرێتە سەر حسابێکی تایبەت و کرێی کۆمپانیاکانی لێبڕردرێت وەکو پێشەکی، بەڵام لەماوەی ٦٠ رۆژدا تیمێکی راوێژکاریی دادەمەزرێنرێت، بۆ دیاریکردنى تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتەکە و بڕی نەوتی خاو کە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لە هەرێمدا بەرهەم دەهێنرێت دووبارە حیساب دەکرێتەوە و ئەو داهاتەی دەمێنێتەوە دەڕواتە بودجەی فیدراڵییەوە.

هاوکات، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش باسى لەوە کردووە، پێویستە گرێبەستەکانی نەوت لە هەرێم، لەگەڵ دەستور بگونجێنرێت، بە رەچاوکردنی گرێبەستەکانی هەرێم وەک گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنان و نەک گرێبەستی هاوبەشکردنی قازانج، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە خواستێک هەیە لەلایەن هەردوو لایەن کە دەتوانن ئەم گرێبەستانە هەموار بکەنەوە و بیانگونجێنن.

عەتوان عەتوانی ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئەوکاتەی گرێبەستەکان بە شێوەیەکی یاسایی دەستکاری نەکرێن، دەبێت قۆناغێکی راگوزەر هەبێت کە هەمووان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم.


 













گەلەری