سەردێڕ:

سودانی: پێویستە بە زووترین كات رێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بکرێت

PM:04:28:13/11/2024

976 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی پارتی لە هەولێر کۆبوونەوە و سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە بە زووترین کات لایەنەکانی هەرێم بگەنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە هەولێر کۆبوونەوە و لای خۆیەوە سودانی پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کرد.

هاوکات، سودانی رایگەیاند، هیواخوازن كە بە زووترین كات لایەنەكان بگەنە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

ئەمڕۆش، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەردانی هەرێمی کردووە و لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر کۆبووەتەوە جەختی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کردووەتەوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران لەرێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە و لە کاتی خۆیدا.

ئەوەش خراوەتە روو، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێویستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و رێکخستنی کراوە بەجۆرێک خزمەتی هاوڵاتیانی هەرێم و عێراق بکات.

هەر ئەمڕۆ، سەرۆک وەزیرانی عێراق و نێچێرڤان بارزانی لە هەولێر کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی وڵات و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگيی بەهێزکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگيی هاوبەش و پێویستيی چارەسەرکردنی دۆسیە هاوبەشەکانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا لەڕێگەی گفتوگۆی بینادنەر و پابەندبوون بە دەستووری عێراقه‌وه‌، کردەوە.













گەلەری