سەردێڕ:

مەسرور بارزانی: لەگەڵ سودانی لەبارەی ناردنی مووچەوە گفتوگۆمان کرد

AM:11:45:13/11/2024

2416 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە و باسیان لە کێشەی مووچەی هەرێم کردووە و جەختی لە پێویستی دوورخستنەوەی پرسی خەرجکردنی مووچەی هەرێم لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی کردەوە، لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.


ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە هەرێم و لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم کۆبووەوە و بەپێی راگەیەندراوێکی مەسرور بارزانی باسیان لە مووچە و هەناردەی نەوتی هەرێم کراوە.

مەسرور بارزانی لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەش کردووە، سودانی پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لێکردووە و وتوویەتی سەقامگیریی سیاسی هەرێمی کوردستان، بنەمایەکی گرنگیی سەقامگیریی هەموو عێراقە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، سودانی جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ .

دەشڵێت، " سەبارەت بە پرسی موچە، جەختمان لە پێویستی دوورخستنەوەی پرسی خەرجکردنی مووچەی هەرێم لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی کردەوە، لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق."

راشیگەیاندووە، لەگەڵ سودانی گفتوگۆیان لەبارەی کێشە و پرسەکانی تایبەت بە مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدراڵ، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و ئامادەکارییەکانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عێراق کرد و جەختی لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە زووترین کات و نەهێشتنی ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم پڕۆسەکە کردەوە، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشت هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بێت.













گەلەری