سەردێڕ:

هەرێم لە بەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێدایە؛ چۆن سەرۆکی نوێی هەرێم هەڵدەبژێردرێت؟

PM:09:11:11/11/2024

3364 جار خوێندراوەتەوە

هەرێم کوردستان لە چاوەڕوانی دەستبەکاربوونی خولی نوێی پەرلەماندایە، بەپێی زانیارییەکانیش چاوەڕێ دەکرێت سەرەتای مانگی داهاتوو یەکەم دانیشتنی پەرلەمان سازبدرێت ئەوەش بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کە دوا بەدوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن پاش ١٠ ڕۆژ پەرلەمان یەکەم دانیشتنی خۆی سازدەکات و دەبێت دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاری بکرێت، دوای پەرلەمانیش سەرۆکی هەرێم هەڵدەبژێردرێت.


دیاریکردنی سەرۆکی هەرێم بەگوێرەی یاسای ژمارەی یەکی ساڵی ٢٠١٩ لەماوەی ٣٠ ڕۆژ لە دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، رێکارەکانی دەستپێدەکات، ئەو شێوازی هەڵبژاردنەش تا ئەو کاتە دەبێت کە دەستور دەنوسرێتەوە و پەسەند دەکرێت، دەستپێکردنی رێکارەکانیش بەجۆرێکە پەرلەمان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ کاندیدانی سەرۆکی هەرێم دەکاتەوە.

کاندیدان لە ماوەی سێ رۆژ لە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن داواکاری و سیڤیی خۆیان پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن، دوای دوو ڕۆژ لە داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن، پەرلەمان ناوی ئەو پاڵێوراوانە ڕادەگەیەنێت کە مەرجی یاساییان تێدایە، سەرۆکی هەرێم لە دەنگدانێکی ئاشکرا بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، ئەگەر هیچ پاڵێوراوێک زۆرینەى ڕەهاى دەنگى ئەندامانى پەرلەمانى بەدەست نەهێنا، دەنگدان دووبارە دەکرێتەوە و کێبڕکێ لەنێوان دوو پاڵێوراو دەبێت کە زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە و ئەوەى لە جارى دووەم زۆرینەى بەدەست هێنا، دەبێتە سەرۆکى هەرێم.

هاوکات، هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم پێویستی بە ٥١ دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام بۆ لێسەندنەوەی متمانە بەگوێرەی ماددەی ژمارە ١٦ لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە سێ لەسەر چواری دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەیە واتا پێویستی بە دەنگی ٧٥ پەرلەمانتار هەیە.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2019 لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، پێشتر لە ساڵی 1992دا هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ئەنجامدرا بەڵام سەرکەوتوو نەبوو بەهۆی ئەوەی هیچ یەکێک لە کاندیدەکان دەنگی تەواویان بەدەست نەهێنا.













گەلەری