ئێستا مشتومرەکان لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت زیاتر بوون لایەنە سیاسیەکان دەستیان بە جموجوڵ کردووە، نەوەی نوێ پێش لایەنەکانی دیکە بە پڕۆژەیەک گۆمەکەی شڵەقاند.
نەوەی نوێ وەک یەکەمین لایەن مەرجەکانی خۆی بۆ بەشداریکردن لە حکومەت راگەیاند، هاوکات پارتیش لە وەڵامدا دەڵێت دەبێت ئیستحقاقى هەڵبژاردن بکرێتە پێوەر بۆ بەشداری لە حکومەت.
لەو بارەیەوە، ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی
پارتی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای یەکلایی بوونەوەی تانەکانی ئەنجامی هەڵبژاردنی
پەرلەمانی هەرێم دەست دەکەن بە سەردان کردنی هەموو لایەنەکان و ڤیتۆیان لەسەر هیچ
لایەنێک نییە بۆ گفتوگۆ.
یەکێتى نیشتمانیش لە زارى ستران عەبدوڵڵا ئەندامى
سەرکردایەتیىەوە ڕایگەیاند نەوەى نوێ براوەیەکى هەڵبژاردنەوە و وەکو لایەنێکى سیاسى
گفتوگۆی لەگەڵ دەکەن و دەبێت ڕێککەوتنەکان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێکتێگەشتن بێت.
هاوکات، عەدنان سەید حسین کاندیدى سەرکەوتوی نەوەی
نوێ بۆ پەرلەمان بە ئێن ئاڕ تی وت، نەوەی نوێ وەک یەکەم هێزی سیاسی پرۆژەیەکی
خستوەتە ڕوو بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی ئیئتلافی، لەپرۆژەکەیدا بەڕوونی داوادەکات
سەرۆک وەزیران وەربگرێت ،یاخود هەر لایەنێک سەرۆک وەزیران وەردەگرێت ئەوا تەواوی
پۆستەکانی دیکە بۆ لایەنەکانی دیکە دەبێت.
وتیشی، "دەرگامان کراوەیە بۆ هەر لایەنێک
بۆ گفتوگۆ لەسەر پرۆژەکەی نەوەی نوێ کە پرۆژەیەکی گشتیگیرە بۆ ئایندەی حکومڕانی لە
هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتێکی ئیئتلافی، پێشوازیکردنمان لەلایەنەکان
لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت پرۆژەکەی نەوەی تەوەری گفتوگۆ بێت و ببێتە بەرنامەی
کۆبونەوەکان نەک پرۆژەی تر."
پارتی ویەکێتی لیژنەی دانوستانیان دروستکردووە
وبڕیارە دەست بە سەردانی لایەنەکان بکەن، نەوەى نوێ مەرجی بەشداری لە حکومەتی بەستووەتەوە
بەوەی یان دەبێت سەرۆک وەزیران وەربگرێت یان تەواوی ٢٣ وەزارەتەکە، داواشدەکەن ئەو لایەنەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی دەبێت
نابێت پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم وپەرلەمان و ٢٣ وەزارەتەکە لای ئەو لایەنە بن.