وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پزیشك و دەرمانی پێویستیان رەوانەی شارەزوور کردووە بۆ ئەوەی بەزووترین کات پەتاکە کۆنتڕۆڵ بکەین.
ئەمڕۆ شەممە، سەرکان سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردووەوە پاتەی سکچون و رشانەوە لە شارەزوور بڵاوبووەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگیان کردووە لە شارەزوور.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بە زووترین کات پەتاکە
کۆنتڕۆڵ بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش پزیشك و دەرمانی پێویستیان رەوانەی شارەزوور
کردووە.
باسی لەوەش کرد، تا ئێستا هیچ یەکێک لە حاڵەتەکان مەترسیدار نەبوون و
زۆربەی تووشبوان دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست لە نەخۆشخانە بە تەندروستییەکی باش
گەڕانەتەوە بۆ ماڵەوە.
هاوکات، بەپێی سۆراغێکی ئێن ئاڕ تی، تا ئێستا
ژمارەی تووشبوانی پەتای سکچون و رشانەوە لە شارەزوور چوار هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، سارا عومەربەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ
بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هۆکاری ئەو سکچوون رشانەوەی لە شارەزووردا بڵاوبووەتەوە
تێکەڵبوونی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆیە. وتیشی، داوا لە هاوڵاتیانی شارەزوور دەکەین
ئاوی ماڵەوە بۆ خواردنەوە و قاپشۆردن بەکار مەهێنن.
باسی لەوەش کرد، پێویستە هاوڵاتیان تەنها ئاوی بوتڵکراو واتە ئاوی کارگەکانی ئاو بەکاربهێنن بۆ
خواردنەوە و تەنکی ئاوەکانیان بەتاڵ بکەنەوە و بیشۆن پاشان چاوەڕێ بکەن تا ئاوی
تازە دێتەوە پاشان بەکاریبهێنن.