PM:09:32:05/11/2024
7484 جار خوێندراوەتەوە
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو نەوتە بداتەوە بە هەرێم کە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ یان وەزارەتی نەوتی عێراقی دەکات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری لەسەر هەمواری مادەی ١٢ـی لە یاسای بودجەی سێ ساڵەدا کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان دا، بە گوێرەی هەموارەکەش، هەرێم هەر بڕە نەوتێک بەرهەم بهێنێت و رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو بە (سۆمۆ) یان وەزارەتی نەوتی عێراقی بکات، ئەوا تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو نەوتە دەدرێتەوە بە هەرێم.
بە گوێرەی راگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی نەوتی عێراق بە
رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم، دەستەیەکی راوێژکاریی
نێودەوڵەتی بە مەبەستی دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم
دیاری دەکات.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەگەر لە ماوەی ٦٠ رۆژدا ئەو دەستەیە دیاری نەکرێت،
ئەوا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق خۆی دەستەیەکی تایبەت دیاری دەکات.
ئەوەش خراوەتە روو، ئەو دەستەیەی دیاری دەکرێت، تێچووی بەرهەمهێنان و
گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت دیاری دەکات و لەسەر ئەو بنەمایەش، وەزارەتی دارایی
عێراق قەرەبووی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە لە ئێستادا بە تێکڕا ١٦ دۆلار بۆ هەر
بەرمیلێک نەوت دەخەمڵێندرێت.