سەردێڕ:

بەرگری شارستانی هەولێر هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان

PM:02:10:02/11/2024

1952 جار خوێندراوەتەوە

بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان لە حاڵاتی ئامادەباشیدان بۆ روودانی لافاو و داوا لە هاوڵاتیان دەکەن سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان نەکەن.


بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان لە حاڵاتی ئامادەباشیدان بۆ روودانی لافاو و داوا لە هاوڵاتیان دەکەن سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان نەکەن، چونکە لە ئەگەری بارانی بەخوڕدا لافاو لەو ناوچانە دروست دەبێت.

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر لە کۆڵانەکان سەرقاڵی پاککردنەوە مەنهۆڵ و ئاوەڕۆکانن تاوەکو لافاو دروست نەبێت.

ئەمڕۆ، کەشناسی عێراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا شەپۆلێکی بارانبارین روو لە تەواوی عێراق دەکات و پلەکانی گەرما دادەبەزن.

شەوی رابردووش،کەشناسیی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی کاتژمێر ٩ـی بەیانی ئەمڕۆ تاوەکو کاتژمێر ٩ـی ئەمشەو، زۆرترین بڕی باران لە خانەقین باریوە کە بڕەکەی زیاتر لە ١٥ ملم بووە.

باسی لەوەش کردووە،ئەمڕۆ شەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند لە کات و ناوچەی جیاجیا دەبارێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە کاتەکانی ئێوارەدا رێژەی دابارین کەمێک زیاتر دەبێت بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی پاشان لە شەودا کاریگەری ئەو شەپۆلە زیاد دەکات و بارانبارین تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. هاوکات، پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە نزمتر دەبنەوە لە ئەمڕۆ.













گەلەری