PM:01:42:18/09/2024
1712 جار خوێندراوەتەوە
بەپێی داتاکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، لە مانگی ئابی رابردوودا زیاتر لە ١٦ هەزار هاوسەرگیریی نوێ ئەنجام دراون، کە زیاتر لە سێ هێندەی جیابوونەوە بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە مانگی ئابی رابردوودا ١٦ هەزار و ٦٨٧ هاوسەرگیریی نوێ ئەنجام دراون، کە لەو رێژەیە ١٤ هەزار و ٦٠٨ هاوسەرگیری لە دادگا و دوو هەزار و ٧٩ هاوسەرگیریش لە دەرەوەی دادگاکان بوون.
باس لەوەش کراوە، هەر لەو مانگەدا پێنج هەزار و ٤٠٢ حاڵەتی جیابوونەوە
تۆمار کراون کە هەزار و ٦٦١ حاڵەتیان لە داگاکان یەکلا کراونەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی داتاکانی هاوسەرگیری لە مانگی ئابدا کەمترە بەراورد بە
مانگی تەمموزی رابردوو، بەڵام هێشتا رێژەی هاوسەرگیری زیاتر لە سێ هێندەی
جیابوونەوەیە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی تەمموزی رابردوودا زیاتر لە ٢٦ هەزار
هاوسەرگیریی نوێ لە عێراق ئەنجام درابوون و زیاتر لە شەش هەزار حاڵەتی جیابوونەوەش
تۆمار کرابوون.