ماوەی چەند مانگێکە بەبەردەوامی وادەی جیاواز بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق دیاریدەکرێت، بەڵام لەو بارەیەوە وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە چەند هەنگاوێک دەکرێت. دەشڵێت، "کشانەوەکە دوو ساڵ دەخایەنێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە، سابت عەباسی، وەزیری بەرگری عێڕاق بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق بە گوێرەی ئەو رێککەوتنانەی کە لە نێوان عێراق و ئەمریکا کراوە ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو وادەیەش بۆیە دیاری کراوە، چونکە هێشتا هاوپەیمانان
و ئەمریکا بەردەوامن لە پێشکەشکردنی هاوکاری سەربازی و راهێنان بە سوپای عێراق، لەبەر ئەوە بەچەند قۆناغیکی
جیاواز دەکشێنەوە.
باسی لەوەش کرد، یەکەم قۆناغ لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا دەستپێدەکات کە بەشێک لە
سەربازانی ئەمریکا لە چەند وادەیەکی جیاوازدا دەکشێنەوە، و قۆناغی کۆتایش لە ساڵی
٢٠٢٦ـدا دەکرێت و کۆتایی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەهێندرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند،
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەماوەی دوو ساڵدا کارێکی قورسە بەڵام لەسەر داواکاری عێراق
ئەو کارە بەخێرایی ئەنجامدەدەن.
ئەوەش
لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٠ـی ئازاری ئەمساڵ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، لەبارەی رێککەوتنی
ئاسایشی نێوان ئەمریکا وعێراق ئەوەی ئاشکرا کرد کە گۆڕانکاری لە کار و چالاکی هێزەکانی
ئەمریکا دەکرێت لە خاکی عێراق و بە گوێرەی پلانەکەش لەماوەی دوو بۆ سێ ساڵدا کۆتایی
بە ئۆپەراسیۆنە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دێت لە خاکی عێراق.