رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا رایگەیاند، چەند هەڕەشەیەکی ئێرانیان لە ناوچەکە ئاشکرا کردووە و رێگرییان لە ئەگەری رووداوەکان گرتووە. دەشڵێت، "ئێران بەنیازبووە هێرش بکاتە سەر چەند ناوچەیەک لە سعودییە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، برێت مەکۆرگ رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە "گفتوگۆی مەنامە" کە ساڵانە لە وڵاتی بەحرەین بەڕێوەدەچێت وتارێکی پێشکەشکرد.
برێت مەکۆرگ ئاماژەی بەوەدا،
ئەمریکا کاردەکات بە ئامانجی دامەزراندنی ژێرخانێکی تەواوی بەرگری ئاسمانی و دەریای
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا سەرنجدەخاتە
سەر رێگریکردن و وەڵامدانەوەی ئەگەری ئەو هەڕەشانەی لە ناوچەیەکی ستراتیجی دەوڵەمەند
بە سەرچاوە و دەرامەتی وزە بونیان هەیە.
باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا
شتێک جێبەجێدەکرێت کە لەمێژەوە باسی لێوەکراوە لە رێگەی کۆمپانیا داهێنەرکارەکان و
تەکنەلۆجیا نوێیەکانەوە.
برێت مەکۆرگ ئەوەشی ئاشکرا
کرد، هێزەکانی ئەمریکا چەند هەڕەشەیەکی ئێرانیان ئاشکراکردووە و توانیویانە رێگری
لێبکەن.
دەشڵێت، ئێران ئامادەکاری
کردووە هێرش بکاتە سەر چەند پێگەیەک لە ناوخاکی سعودییەدا، بەڵام بەهۆی هاوکاری و
هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا و سعودییەوە توانرا شکستیپێبهێنرێت و ئەم
هاوکارییانەش بەردەوامن.
دوێنێ شەمەش، مایکل کوریلا
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە "گفتوگۆی مەنامە"
ئاماژەی بەوەدا، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە ساڵی داهاتوودا ١٠٠ کەشتی بە ئامانجی رێگریکردن و وەڵامدانەوەی
هەڕەشەکان لە ئاوەکانی کەنداودا جێگیردەکات.
هاوکات، ئیال هۆلاتا راوێژکاری
ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لە هەمان کۆنگرەدا ئاشکرای کرد، ئێران دیارترین هەڕەشەیە
بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەم هەفتەیەدا
فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە کەناراوەکانی عومان هێرشی کردە سەر کەشتییەکی گواستنەوەی
نەوت کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بازرگانێکی ئیسرائیلی و هەریەک لە ئەمریکا
و ئیسرائیل پەنجەی تۆمەتییان بۆ ئێران درێژکرد و ئەمەش بووە نوێترین رووداو لە کەنداوی عەرەبیدا کە زنجیرەیەک پشێوی بەدوای
خۆیداهێنا.