رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا رایگەیاند، ئەو رەوشەی لە رۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت سەختە و ئەمریکا نیگەرانە. دەشڵێت، "واشنتۆن زانیاری نییە کێ تەقینەوەکەی هەفتەی رابردووی ئەستەنبوڵی ئەنجامداوە".
برێت مەکگۆرک ڕێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی گفتوگۆی مەنامە رایگەیاند، ئەمریکا نیگەرانە لە دۆخی ئاسایشی سنوری نێوان تورکیا و سوریا و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر بنکەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی لە
رۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت دۆخێکی سەختە.
لەبارەی تەقینەوەکەی هەفتەی
رابردووی شاری ئەستەنبوڵی تورکیا، برێت مەکگۆرک ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا هیچ زانیارییەکی
نییە لەسەر ئەوەی کێ هێرشەکەی ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی
بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بنکەی چەکدارە
کوردییەکان لە باکوری سوریا و باکوری عێراق و لەو هێرشەدا ٨٩ ئامانجیان تێکشکاندووە.
دەشڵێت، ئەم هێرشە وەک تۆڵەی
تەقینەوەکەی هەفتەی رابردووی ئەستەنبوڵە کە شەش کەسی تێدا کوژرا.
هاوکات، لەلایەن خۆیەوە، فەرهاد
شامی وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکیش لە تویتێکدا رایگەیاند، هێزەکانی تورکیا
زیانیان بە دامەزراوەکانی وەکو سایلۆی دانەوێڵە، وێستگەیەکی کارەبا و نەخۆشخانەیەک
گەیاندووە.
وتیشی، لە ئەنجامی هێرشە
ئاسمانییەکانی تورکیا ١١ کەسی سڤیل لە ناویاندا رۆژنامەنووسێکیش کوژراون.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی
رابردوو لە شاری ئەستەنبوڵی تورکیا تەقینەوەیەک روویدا و تیایدا شەش کەس کوژران و
٨٠ کەسی دیکەش برینداربوون. حکومەتی تورکیا هەریەک لە پەکەکە و پەیەدەی بە ئەنجامدەرانی
تەقینەوەکە تۆمەتبارکرد. هاوکات، ئەوانیش رەتیانکردەوە ئەوان ئەوکارەیان ئەنجامدابێت.
تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی هیچ لایەن و گروپێک ئەنجامدانی تەقینەوەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.