سەردێڕ:

هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستڕێژی گوللـەیان لە خۆپیشاندەرانی شاری مەهاباد کرد

PM:02:52:20/11/2022

4440 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە دەستڕێژی گولـلە رووبەڕوویان بوونەوە.


بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە لە کاتی بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردوو، هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی تەقەمەنی و چەک رووبەڕووی خۆپیشاندەرانی شاری مەهاباد بوونەتەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

خۆپیشاندەران دروشمیان دژبە دەسەڵاتدارانی ئێران دەوتەوە، ژمارەیەک لە شەقامەکانیان بە بلۆک داخست و هێزە ئەمنییەکانیش بە دەستڕێژی گولـلە رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە و دەنگی تەقینەوە ماوە ماوە دەبیسترا.

میدیایییەکانی نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویانکردەوە، هێزە ئەمنییەکان لە مەهاباد ئۆپەراسیۆنیان ئەنجام داوە.

ئەوەشیان خستەڕوو، ژمارەیەکی زۆری هێزی ئەمنی رەوانەی شارەکە کراوە و دژبەرانی رژێمیش لە رێگای تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە داوایان لە خەڵکی سەرانسەری ئێران کردووە "هاوکاری خەڵکی مەهاباد بکرێت".

هاوکات، بەشێک لە میدیاکانی نزیک لە حکومەتی ئێران ژمارەیەک گرتە ڤیدیۆیان بڵاوکردەوە کە ئاماژە بەوە دراوە لە خۆپیشاندانەکانی دوو رۆژ لەمەوبەر لە مەهاباد، خۆپیشاندەران تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە.

هاوکات، تا ئێستا هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە لەبارەی زیانە گیانییەکانی خۆپیشاندانەکەی شەوی رابردوو لە شاری مەهاباد.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٣ی ٩ی ٢٠٢٢، پۆلیسی ئەخلاقی تاران بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵی دەستگیر کرد، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، دواتر رۆژی ١٦ی ٩ی ٢٠٢٢ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

دوابەدوای بە خاکسپاردنی ژینا ئەمینی، لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شارە گەورەکانی ئێران خۆپیشاندان دەستی پێکرد و گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان ‌یزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروستبوو، بەجۆرێک بە گوێرەی کۆتا ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران زیاتر لە ٣٨١ خۆپیشاندەر کوژراون کە لە نێویاندا منداڵ و ژن هەن و بەسەدانی دیکەش دەستگیرکراون و تا ئێستاش خۆپیشاندانەکان بەردەوامیان هەیە.













گەلەری