سەردێڕ:

خوێندکارانی زانکۆ ئامادەنین بچنە هۆڵەکانی خوێندنەوە

AM:09:28:20/11/2022

5044 جار خوێندراوەتەوە

خوێندکارانی زانکۆکانی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و کۆیە و زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی، لەبەردەم دەروازەی سەرەکی زانکۆکانیان گردبوونەتەوە و دوای جێگیرکردنی دەرماڵە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەکەن.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی لەبەردەم دەروازەی سەرەکی زانکۆی سلێمانی گردبوونەتەوە و ئامادەنین بچنە هۆڵەکانی خوێندنەوە تا داواکارییەکانیان لەبارەی پێدانی دەرماڵەکانیان جێبەجێ نەکرێت.

دوای ئەوەی لە رۆژی سێشەممە، ١٥ی ئەم مانگە دەوام لە زانکۆی سلێمانی راگیرا، ئەمڕۆ یەکشەممە بڕیاروابوو دەوامی ئاسایی و خوێندن لە زانکۆکانی سنوری سلێمانی دەستپێبکاتەوە، بەڵام خوێندکاران بەردەم دەروازەی سەرەکی زانکۆن و رێگەنادەن کەس بچێتە ناو زانکۆ.

باس لەوەش دەکەن، ئەو کاتە دەچنەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن کە حکومەت گوێی لە داواکارییەکانیان گرت و کاری بۆ کرد و جێبەجێی کردن.

خوێندکارێکی زانکۆ لە کەلار بە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وت، "راگرتنی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان تەنها بۆ ئەوە بوو خوێندکاران ساردببنەوە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەڵام ئەوان بڕیاریانداوە تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، کۆتایی بە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان نەهێنن."
هاوکات، لە زانکۆی کۆیە دەستپێکی ناڕەزایەتییەکان بە دەربڕینی هاوخەمی بوو بۆ قوربانیانی رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی وگردبوونەوەیان لەبەردەم زانکۆ دەستپێکرد و زانکۆی هەڵبجەش لەبەردەم زانکۆ هاوشێوەی شارەکانی دیکە گردبوونەتەوە و ئامادەنین بچنە هۆڵەکانی خوێندنەوە.

داواکارییەکانی خوێندکاران چین؟

خوێندکاران ئاماژە بەوەدەدەن، دەبێت هەموو مانگێک بێنە سەر سەقام تاوەکو دەرماڵەکانیان پێبدڕی و دوادەکەن هەم بڕی دەرماڵەکە زیاد بکریت هەم پرۆژەیاسای دەرماڵە پەسەند بکریت تاوەکو مانگانە لە کاتی خۆیدا وەریبگرن.

لەلایەکی دیکەوە، داوای کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێڵ دەکەن و دەڵێن، "کرێکەی زۆرە و بووەتە بارگرانی بۆسەر ژیانی خوێندکاران و خیزانەکانیان."

ئەمەش دوای ئەوەدێت، ساڵی رابردوو بەهۆی فشارە توندەکانی خوێندکاران پاش چوار ساڵ لە بڕینی حکومەتی هەرێم بڕیاری پێدانەوەی دەرماڵەی خوێندکارانی دا بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەیاسای دەرماڵەی پەسەند نەکردووە.
کارزان تارق، سلێمانی
بڕیار جاف، گەرمیان
خالید محەمەد، کۆیە













گەلەری