بەگوێرەی زانیارییەکان چاوەڕێ دەکرێت تا هەفتەی داهاتوو ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە دەستەی دادوەری پەسەند بکرێت و هەنگاوەکانی دەستبەکاربونی پەرلەمانی نوێ دەستپێبکات.
دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان دانوستانی لایەنە براوەکان دەستپێدەکات، پێش هەمووانیش نەوەی نوێ بە پڕۆژەیەک جموجوڵی سیاسی لەنێوان لایەنەکان دروستکرد، بەتایبەت کە داوای پۆستی سەرۆک وەزیران دەکات.
داواکارییەکەی نەوەی نوێ کە
براوەی سێیەمە و خاوەنی ١٥ کورسیە لەکاتێکدایە هیچ کام لە هێزەکان بە پارتیشەوە نەیانتوانیوە
زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبهێنن.
واتە پارتی هەرچەندە یەکەمە، بەڵام زۆرینە نییە و پێکهێنانی کابینەکە
و سەرۆکایەتیەکان دەبێت دواجار بە ڕێککەوتنی ئەو لایەنانە بێت کە دەتوانن نیوە زائید
یەکی پەرلەمان بەدەستبهێنن.
بۆیە ئەمجارە مەرج نیە پارتی بتوانێت پۆستە گرنگ و هەستیارەکان وەربگرێت
چونکە زۆرینە نیە و ناتوانێت پارێزگاری لە پۆستە باڵاکان بکات بە پۆستی سەرۆک وەزیرانیشەوە.
نەوەی نوێ بە پڕۆژەکەی بووە گەمەکەرێکی سیاسی و کاریگەر کە پڕۆژەی سیاسی
هەیە نەک چاوەڕێی هەڵوێست و داوای لایەنی تر بکات.
لەلایەکی ترەوە یەکێتی بە ٢٣ کورسیشەوە تا ئێستا داوای پۆستی سەرۆک وەزیرانی
نەکردووە، بۆیە هەموو ئەگەرەکان کراون بەوەی کە دەکرێت ئەمجارە پۆستی سەرۆکی حکومەتی
نوێی هەرێم لەدەست هێزێکی دەرەوەی پارتیش و یەکێتیدا بێت، هێشتا دەرفەت ماوە کە گۆڕانکاری
لەشێوازی حکومرانی ڕابردووی پارتی و یەکێتی بکرێت.