سەردێڕ:

لەسەر داوای نەوەی نوێ؛ عێراق بەدواداچوون بۆ هاوتاکردنی مووچەی بەشێکى خانەنشینان دەکات

PM:08:27:15/11/2024

1504 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتا بکرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی پێش ٢٠١٤ خانەنشین کرابوون مووچەکانیان هاوتا نەکراوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر داوای فراکسیۆنی نەوەی نوێ وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا بەدواداچوون بۆ مووچەى ئەو کەسانە بکات.


دوای هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان، تاوەکو ئێستا بەشێکیان مووچەکانیان زیاد نەکراوە، بەڵام لەسەر داوای فراکسیۆنی نەوەی نوێ وەزارەتی دارایی عێراق بەدواداچوون دەکات بۆ هاوتاکردنی مووچەی ئەو خانەنشینانەی پێش ٢٠١٤ خانەنشین بوون و مووچەکانیان زیاد نەکراوە.

لە وەڵامى نووسراوێکى وەزیرە ئەحمەد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانى عێراق، تەیف سامی وەزیرى دارایی عێراق دەڵێت، بەدواداچوون دەکەن بۆ هاوتاکردنی مووچەی ئەو خانەنشینانەی پێش ٢٠١٤ خانەنشین بوون و مووچەکانیان زیاد نەکراوە کە ژمارەیان نزیکەی ٥٠ هەزار کەس دەبێت، بەڵام بڕیاری هاوتاکردنەکە لە رۆژی ١ـی مانگی یەکی ساڵی نوێوە دەیانگرێتەوە و کەمترین مووچەش دەبێتە ٦٠٠ هەزار دینار.

لای خۆیەوە، وەزیرە ئەحمەد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانى عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای ئەوەی نووسراوێکیان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و تێیدا داوایان کرد خانەنشینانی پێش ساڵی ٢٠١٤ هاوتاکردن بیانگرێتەوە، وەزیری دارایی عێراق وەڵامی داواکەی داوەتەوە و تێیدا داوایکردووە لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی یاسای خانەنشینی ژمارە ٩ـی ساڵی ٢٠١٤ خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

لە ساڵی٢٠١٤ـەوە عێراق یاسای خانەنشینی هەموار کردووەتەوە کەمترین مووچەی خانەنشینان ٥٠٠ هەزار دینارە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ماوەی ١٠ ساڵە یاساکەی جێبەجێ نەکردووە و کاری بە یاسای ساڵی ٢٠٠٦ـی خانەنشینان کردووە.

بڕیاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان دوای فشارەکان و دوای ئەوەدێت کە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ، دۆسیەکەیان بردە دادگای فیدڕاڵیی عێراق.













گەلەری