هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم یەکێک لە دۆسیە گرنگەکانی سەردانەکەی سودانی بوو بۆ هەرێم، بەپێی زانیارییەکان سودانی داوای لە بەرپرسانی هەرێم کردووە بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رازیبن، بۆ تێچوونی دەرهێنانی نەوتەکە کە ١٦ دۆلاریان دیاری کردبوو، هاوکات وەزیری نەوتی عێراقیش رایگەیاند، داهاتی نەوتی هەرێم دەخرێتە سەر حساب بانکییەکی تایبەت لە بانکی ناوەندی و پارەی کۆمپانیاکانی لێدەدرێت.
نەوتی هەرێم، یەکێک لە گرنگترین ئەو دۆسیانەی لەسەر مێزی گفتوگۆکانی سودانی بوو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، ئاماژەکانیش بۆ ئەوەن بەغدا قوفڵی بۆرییەکە بکاتەوە و هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێبکات.
سودانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم
داوای کردووە، هەرچی زووترە گرفتەکانی بەردەم هەناردەی نەوتی هەرێم چارەسەر بکرێت
و بەرپرسانی هەرێم نەوتەکە رادەستی سۆمۆ بکەن، هاوکات بەو بڕیارەی ئەنجومەنی
وەزیرانی عێراقیش رازیبن کە بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێم ١٦ دۆلاریان دیاری
کردبوو. لەلایەکی دیکەوە لیژنەی نەوت و غازی عێراقیش داوادەکات گرێبەستە
نەوتییەکانی هەرێم هەموار بکرێنەوە و ئەپیکۆریش ئامادەیی خۆی دەبڕی بۆ گفتوگۆ و
چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
لەلایەکی دیکەوە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری
نەوتی عێراق رایگەیاند،دەبێت
هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بێت، داهاتەکەشی دەخرێتە سەر
حساب بانکییەکی تایبەت لە بانکی ناوەندی و پارەی کۆمپانیاکانی لێدەدرێت.
وتیشی، لەماوەی ٦٠ رۆژدا تیمێکی راوێژکاریی دادەمەزرێنرێت، بۆ
دیاریکردنى تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتەکە و هەروەها ئەو داهاتەی دەمێنێتەوە دەڕواتە
بودجەی فیدڕاڵییەوە.
عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانیش باسى لەوە کردووە،
پێویستە گرێبەستەکانی نەوت لە هەرێم لەگەڵ دەستوور بگونجێنرێت. وتیشی، تا ئەوکاتەی
گرێبەستەکان بە شێوەیەکی یاسایی دەستکاری نەکرێن، دەبێت قۆناغێکی راگوزەر هەبێت کە
هەمووان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم.
بەپێی زانیارییەکان، ئەوەی تا ئێستا رێگر بووە لەبەردەم
دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم هەبوونی لایەنی سێیەم بووە لە
گرێبەستەکاندا کە ئەویش چەند بەرپرسێکی باڵای هەرێمن.