PM:05:31:06/11/2024
6332 جار خوێندراوەتەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی ماوەبەسەرچووی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا رایگەیاند،سەرجەم تێبینییەکانی لیستی مووچە راستکرانەتەوە و دووبارە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوەتەوە و داوا دەکەن بەغدا مووچەی مانگی ١٠ خەرجبکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی ماوەبەسەرچووی هەرێم کۆبووەوە و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، مووچەی هەرێمی کوردستان دوانەخات یان لێی ببڕێت و ڕێگری نەکات لە دابینکردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم ، بەڵکوو پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆران لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ، مووچەی هەرێمیش لە کاتی خۆی و بە بێ کەموکوڕی خەرج بکات.
ئەوەش هاتووە، وەک چۆن دادگای باڵای فیدڕاڵ بە ڕوونی لە بڕیارەکانیدا داوای کردووە بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ ناکۆکیيەکی نێوان هەردوو حکومەت نەکرێت پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق مووچە وەربگرن.
باس لەوەش کراوە،
وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم هەموو کەموکورتی لیستەکانی مووچەیان ڕاستکردووەتەوە
و ناردوویانە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.
ئەوەش
خراوەتە روو، ئەو فەرمانبەرانەی کە تا ئێستا بایۆمەتریان ئەنجام نەداوە یان ژمارەی
وەزیفیی بێ هاوتایان نییە، ڕۆژی ٢٠ـی ئەم مانگەیان وەک دوا وادە بۆ دەستنیشانکراوە
و داوا لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەکەن کە بە زووترین کات، مووچەی مانگی ١- خەرج بکات.