سەردێڕ:

توێژینەوەیەک: دانیشتنی زۆر دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی پیری

PM:03:15:06/11/2024

1196 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەک هۆشداری دەدات لەوەی کە دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی پیری.


توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری "PLOS One" بڵاو کراوەتەوە، ئاشکرایکردووە دانیشتن بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت کاتژمێر لە شوێنی کار یان ماڵەوە بێت، دەبێتە هۆی ئەوەی خێراتر پیر ببیت و مەترسییە تەندروستییەکان زیاد دەکات.

بەپێی توێژینەوەکە، تەنانەت ٢٠ خولەک چالاکیی مامناوەند وەک رۆیشتن ناتوانێت کاریگەرییەکانی دانیشتنی زۆر کەم بکاتەوە، چالاکییە بەهێزەکانی وەک راکردن یان پاسکیلسواری بۆ ماوەی ٣٠ خولەک لە رۆژێکدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بەڵام بە تەواوی نا.

لەوبارەیەوە چاندرا رینۆڵدز مامۆستا لە بەشی دەروونناسی و زانستی دەمار دەڵێت، "دانیشتن بۆ ماوەیەکی کەم و ئەنجامدانی وەرزش یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی پیربوون".

لە توێژینەوەکەدا تیمەکە شیکارییان بۆ زیاتر لە هەزار کەس کردووە کە تێکڕای تەمەنیان ٣٣ ساڵە بۆ ئەوەی بزانن دانیشتنی زۆر چۆن کاریگەری لەسەر کۆلیسترۆڵ و پێوەرەکانی بارستەی جەستە (BMI) هەیە.

بەشداربووان نۆ کاتژمێر دانیشتنیان لە رۆژێکدا تۆمارکردووە لەکاتێکدا بەشداری چالاکیی جەستەیی مامناوەندیان کردووە لە نێوان ٨٠ بۆ ١٦٠ خولەکدا، ئەنجامەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەرچەندە مرۆڤ زیاتر دابنیشێت تەمەنی زیاتر دەردەکەوێت.

جگە لەوەش ئەو کەسانەی کە رۆژانە بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر دادەنیشن و کەمتر وەرزش دەکەن ئەگەری زیاتریان هەیە تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان ببن.

پێشنیاری توێژەران بۆ ئەو کەسانەی زۆر دادەنیشن بریتییە لە ئەنجامدانی وەرزشی رۆژانە کە لە کاتژمێرێک کەمتر نەبێت.













گەلەری