سەردێڕ:

لە ماوەی پێنج ساڵدا؛ حکومەتی کاربەڕێکەر هیچ بەنداوێکی دروست نەکردووە

PM:10:26:04/11/2024

1704 جار خوێندراوەتەوە

هەڵکەوتەی جوگرافیای هەرێمی کوردستان لەژێر رەحمی ئاسمانە و خاکەکیشی یەکێکە لە بەپیت ترین خاکەکان، بەڵام بێ بەرنامەیی دەسەڵاتداران وایکردووە نەتوانرێت سود لەو باران وەربگرێت کە ساڵانە دەبارێتە سەر خاکەکەی بەجۆرێک حکومەتی کاربەڕێکەر هیچ بەنداوێکی دروست نەکردووە .


بەپێی ئامارەکان ساڵانە بەگشتی هەرێمی کوردستان خاوەنی ٢٢ ملیار مەتر سێجا ئاوی باراناوە، بە جۆرێک لە هەندێک ناوچەی هەرێم زیاتر لە هەزار ملیم باران دەبارێت و بەپێی ئاماری کەشناسیش تا مانگی پێنجی ساڵی ٢٠٢٤ لە ناوچەی بەرزنجەی سلێمانی زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ ملیم باران باریوە.

سەرەڕای ئەو بڕە زۆرەی بارانیش، بەهۆی بێبەرنامەی دەسەڵاتی هەرێم و پشتگوێ خستنی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، نەتوانراوە سود لەو بارانە وەربگیرێت و ئەوەش بە زیانی کەرتی کشتوکاڵ و جوتیاران شکایەوە.

کابینە کاربەرێکەرەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە ماوەى پێنج ساڵی رابردوو هیچ بەنداوێکی ستراتیژیان دروستنەکردووە، نەک ئەوە تەنانەت کارکردنى لە چەند بەنداوێکى ستراتیژییدا راگرت و بەرامبەر بەوە چەند پۆندێکى دروستکردووە، کە بەشى پێویستى ١٪ـى دانیشتوانى هەرێمى کوردستان ناکات.

هاوکات، ئەو پۆندانەی دروستی کردوون بە هەموویان توانای کۆکردنەوەی ٨٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە، لە کاتێکدا ئەو سێ بەنداوە ستراتیژییە هەرێم کە لەسەردەمى حکومەتى پێشووى عێراقدا دروستکراون دەتوانن زیاتر لە ١٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن مەترى سێجا ئاو گلبدەنەوە لە وەرزى لافاو و باران باریندا، بەڵام ئەو بەنداوانەش تەمانیان زۆرە ناتوانرێت تەنها پشت بەوانە ببەسرێت.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێى پلانێک دەبوو لە ساڵى ٢٠١٣ـەوە نزیکەى ٢٥٠ بەنداو لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێم دروستبکرایە و ١٨ بەنداویشیان گەورە و ستراتیژی بونایە، بەڵام دەسەڵاتی هەرێم تەنها ١٨ پۆندى دروستکردووە کە تێکڕا کەمتر لە ١٠٠ ملیۆن مەترى سێجا ئاو دەگرن، ئەمەش خەمساردی دەسەڵاتی هەرێم پیشاندەدات بەرامبەر بە ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان.













گەلەری