سەردێڕ:

ماوەى ١١ ساڵە حکومەتى هەرێم نەوتى بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش نەکردووە

PM:11:54:03/11/2024

1920 جار خوێندراوەتەوە

ماڵیان پڕە لە رازییانە و بە دەردى سک ئێشە دەمرن، ئەمە دۆخى ئێستاى هاوڵاتیانى هەرێمە، خاوەنى دەریایەکن لە نەوت و رۆژانە بەبەرچاویانەوە پارتى و یەکێتى ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت ئاودیو دەکەن، بەڵام تەنها یەک بەرمیل نەوت بە نرخێکى شیاو بە خەڵک نافرۆشن.


ماوەى ١١ ساڵە نەوتى پاڵپشتیکراوى حکومەت لە هەرێمى کوردستاندا دابەش نەکراوە و هاوڵاتیان ناچارن لە بازاڕى رەشدا و بە پارەیەکى زۆر بیکڕن، بەتایبەتى لەگەڵ دابەزینى پلەکانى گەرمادا هێندەى تر نرخەکەى بەرز دەبێتەوە، بەشێوەیەک نرخى بەرمیلێک نەوت لە ئێستادا زیاتر لە ١٦٠ هەزار دینارە.

لەکاتێکدا لە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق حکومەت تەنها بە ٣٠ هەزار دینار دەیدات بە هاوڵاتیان، حکومەتى کاربەڕێکەریش لە جیاتى دابەشکردنى نەوت ١٨٠ لیتر نەوت بە ١٠٤ هەزار دینار دەفرۆشێت بە هاوڵاتیان و زۆربەى خەڵکیش نایکڕن، چونکە نرخەکەى جیاوازى ئەوتۆى نییە لەگەڵ بازاڕدا.

دروستکردنى قەیرانى سوتەمەنى لەلایەن حکومەتى کاربەڕێکەرەوە و دابەشنەکردنى نەوت هاوکاتە لەگەڵ ئاودیوکردنى لێشاوى نەوت لەڕێگەى مەرزەکانى هەرێمەوە، بەشێوەیەک نەوتى هەرێمى کورستان گەیشتووەتە تورکمانستان و ئەفغانستان، بەڵام هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان یەک بەرمیل نەوتیان پێ رەوا نابینرێت.













گەلەری