سەردێڕ:

عێراق؛ تا ساڵی ٢٠٢٥ ١٥٠ هەزار دادەمەزرێن

PM:09:45:21/10/2024

1616 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی راژەی عێراق رایگەیاند، لە بودجەی سێ ساڵی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥ پلانی دامەزراندنی ١٥٠ هەزار کەسیان هەیە و بەسەر پارێزگاکاندا دابەشیان کردوە و دەسەڵاتی دامەزراندنیشیان داوە بە پارێزگاکان بۆ ئەوەی لە کەرتی گشتی و تایبەتدا دمەزراندن بکەن.


سەعد لامی وتەبێژی ئەنجومەنی راژەی عێراق بڵاوی کردەوە، دامەزراندنی دەرچوانی پسپۆڕییە جیاوازەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا بە سێ قۆناغ ئەنجام دەدەن و لە ئێستادا لە قۆناغی دووەمی دامەزراندندان و پێش کۆتایی ئەمساڵ دامەزراندنی پێنج هەزار و ٥٠٠ کەس بۆ پسپۆڕییە جۆراوجۆرەکان تەواو دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای قۆناغی دووەم، لە قۆناغی سێیەمدا دەست دەکەن بە دامەزراندنی هەشت هەزار دەرچووی خوێندنی باڵا و بروانامەی پێشکەوتوو.

حکومەتی عێرق بەردەوامە لە زیادکردنی هەلی کار و فراوانکردنی بواری دامەزراندن لە هەردوو کەرتی تایبەتی و گشتیدا و سەرۆک وەزیران باسی لەوەکرد، پشتگیریی ئەو وەبەرەهێنەرانە دەکەن کە پڕۆژە لە ناوخۆی عێراقدا ئەنجام دەدەن و تیشک دەخەنە سەر کەرتی تایبەت بۆ زیادکردنی هەلی کار، هەروەها بەپێی راگەیەندراوی خۆیان ٣١ هەزار هەلی کاریان لە بودجەدا هەیە.

پێشتریش، ئەنجومەنەکە رایگەیاندبوو، بڕیاریانداوە بە دامەزراندنی شەش هەزار و ٥٠٠ کەس لە یەکەمەکانی زانکۆ و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا، هەروەها لە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی هەشت هەزار کەسی دیکە.

ئەوە لە کاتێکدایە حکومەتی عێراق بۆ رەخساندنی هەلی کار و زیادکردنی دامەزراندن بەردەوامە لەسەر کردنەوەی کارگەى دەرمان و پترۆکیمیایی و پاڵاوگەى نەوت و نەخۆشخانە و قوتابخانە لە بەشێک لە پارێزگاکاندا، بەم پێیەش هەلی کاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگان دەرەخسێت.

هەرچى هەرێمى کوردستانە، رێژەى بێکاریی تێیدا نزیکەى لەسەدا 20 ەو بەشێکى زۆریشیان گەنجان و خاوەن بروانامە باڵاکانن بەو پێییەى نزیکەى 700 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان دانەمەزراون.













گەلەری