سەردێڕ:

ماسک ئەکاونتەکەی ترەمپی لە تویتەر کردەوە و ئەویش رەتیدەکاتەوە بگەڕێتەوە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە

PM:12:07:20/11/2022

1820 جار خوێندراوەتەوە

خاوەنی نوێی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، هەژماری تویتەری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دووبارە کراوەتەوە و ترەمپیش دەڵێت، "هیچ ئارازوویەکی بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە نییە."


ئیلۆن ماسک خاوەنی نوێی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لە ١٨ی ئەم مانگە لە تویتەر، لەژێر ناونیشانی "ئایا ئەکاونتی ترەمپ بگەڕێتەوە؟" دەستی بە راپرسییەک کرد.

لە میانی راگەیاندنی ئەنجامی راپرسییەکەدا، ماسک رایگەیاند کە ٥٢٪ بەکارهێنەران دەنگیان بە "بەڵێ" داوە.

ماسک لە پەیامێکدا نووسیوویەتی، "خەڵک دەنگی داوە، هەژمارەکەی ترەمپ بگەڕێتەوە و دەستەواژەی لاتینی"Vox Populi, Vox Dei"ی کە بە واتای "دەنگی گەل، دەنگی خودایە" دێت بەکارهێناوە .

هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، هیچ ئارەزوویەکی نییە بۆ گەڕانەوە بۆ تویتەر تەنانەت لەکاتێکدا زیاتر لە نیوەی بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕە دەنگیان دابوو بە گەڕاندنەوەی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تویتەر رایگەیاند کە لە نۆی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە هەژماری سەرۆکی پێشووی ئەمریکایان بۆ هەمیشە راگرتووە کە دوای هێرشکردنە سەر کۆنگرێس لە شەشی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ داخرابوو.

ئەو کاتە تیمی ئەمنی تویتەر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردبووەوە، "دوای ئەوەی بەوردی لێکۆڵینەوە لە پەیامەکانی ئەم دواییەی ترەمپ و ئەو کاردانەوانە کرا کە بەهۆی ئەو پەیامانەوە هاتنە کایەوە، بەهۆی مەترسی هاندانی توندوتیژی زیاترەوە، ئەم هەژمارەمان بۆ هەمیشە راگرت".













گەلەری