سەردێڕ:

عێراق جۆرێکی تایبەتی گەنم پەرەپێدەدات کە بەرگەی وشکەساڵی دەگرێت

PM:10:01:31/03/2025

1576 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، کاریان لەسەر پەرەپێدانی شەش جۆری نوێی گەنم کردووە کە بەرگەی وشکەساڵی دەگرن، وەک جۆرەکانی دوڕە، غەززە، سەجاد، رەحاف، زێڕ و سەبا.


ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ـی ئازارـی ٢٠٢٥، حاتەم کەریم، بەڕێوەبەری گشتی توێژینەوە لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، عێراق رووبەڕووی ئاستەنگی ژینگەیی جیاواز دەبێتەوە لەنێوان ناوچەکانی باکور و ناوەڕاست و باشوور، بەو پێیەی ناوچەکانی باشوور زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی کەمی ئاوی ئاودێری، لەکاتێکدا ناوچەکانی باکور سوودمەند بوون لە باران.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشی توێژینەوە کاریان لەسەر پەرەپێدانی شەش جۆری نوێی گەنم کردووە کە بەرگەی وشکەساڵی دەگرن، وەک جۆرەکانی دوڕە، غەززە، سەجاد، رەحاف، زێڕ و سەبا،کە لەم دواییانەدا لە پارێزگاکانی باشوور باشترکران.

هاوکات، چەندین جۆری گەنم لە ناوچەکانی باکوردا هەیە، لەنێویاندا تەلعەفەر و ئەبوغرێب، کە بە هاوکاری لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی کشتوکاڵی لە ناوچە وشکەکاندا (ICARDA) باشتر کراوە.

تاقیکردنەوە جیهانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەم جۆرانە بەرهەمهێنانیان نزیکەی ٪٥٠ زیادیکردووە.













گەلەری