سەردێڕ:

بڵاونەکردنەوەی هەواڵی کوشتن چارەسەرە؟

PM:03:07:25/03/2025
1740 جار خوێندراوەتەوە
دانا تەیب مەنمی
+ -

لەدوای چەند کارەساتێکی ناخۆشی کوشتن لەم مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەدا، کۆمەڵێک دەزگای میدیایی و ڕۆژنامەنووس هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ ڕاگرتنی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن، بەپاساوی ئەوەی بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە کارەساتەکانی کوشتن و خۆکوژیی و تونوتیژی زیاتردەکەن.

پسپۆڕانی میدیا دەڵێن کاتێک هەواڵی کوشتن بە نەزانی بڵاوبکرێتەوە و هاندان و وروژاندنی تێدا بێت، ئەوە خودی میدیا دەبێتە هۆی زیاتر بوونی حاڵەتەکان، بەڵام با بپرسین ئایا بڵاونەکردنەوەی هەواڵی کوشتن چارەسەرە؟

بەدڵنیاییەوە نەخێر چارەسەر نییە و بگرە زۆر هەڵەیە چونکە ئەو کات حاڵەتەکان دەشاردرێنەوە و بکوژ و کوژراو وون دەبن و کۆمەڵگا لەسەرابدا واهەستدەکات ڕەوشەکە باشتربووە، لەکاتێکدا هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی ڕووینەداوە.

بڵاونەکردنەوەی هەواڵی کوشتن و خۆکوشتن و ئامارەکانی دیکەی وەکو ڕووداوی هاتووچۆ و جیابوونەوە و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر و هتد هەموویان هەڵەن و پلانێکی ژێربەژێری دەسەڵاتی لەپشتە چونکە حکومەت و دەسەڵات بەرپرسن لە پاراستنی ژیان و ماڵ و سەر و سامان و ئاسایشی خەڵک و دابینکردنی عەدالەتی و ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک، بەڵام کاتێ لەبەر دزی و گەندەڵی و مافیاگەرایی شکستی هێناوە لەو ئەرکانەیدا، هاتووە لەڕێگەی کەناڵە چەواشەکار و هەندێک میدیاکارەوە دەیەوێت بە تابۆی بڵاونەکردنەوەی هەواڵی کوشتن خەڵک بگەوجێنێت!!

لێرەدا ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە میدیا دەبێت مامەڵەیەکی تەواو پیشەیی و زانستیانە بکات لەگەڵ کارەساتەکانی کوشتن، خۆکوشتن، تێرۆرکردن. نابێت میدیاکان، ئیتر بە نەزانی بێت یان ئەنقەست، هانی کوشتن و خۆکوشتن و توندوتیژیی بدەن، و بەشێوازێکی زانستیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو هەواڵانەدا بکرێت.

هۆکارەکانی کوشتن لە هەرێمی کوردستان زۆرن، و دەسەڵات خۆی بەشێکە لە کێشەکە، بۆیە تا دێت ڕەوشەکە خراپتر دەبێت.

سیستمی دادوەریی و دادگاکانی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر هەژموونی دەسەڵاتی حزب و گروپە چەکدارییەکاندا هێندە لاوازن و یاسا سەروەریی خۆی لەدەستداوە. ئەمە ڕاستییەکی تاڵە کە سەرانی سەرەوەی دەسەڵات خۆشیان چەندین جار باسیان کردووە، بەڵام هەر خۆیان هۆکارن و نایانەوێت چارەسەری بکەن، چونکە هەر خۆیان دادگاکانیان بۆ مەرامی حزبی خۆیان کۆنترۆڵکردووە و چەکدار و چەتەکانی خۆیان بەرداوەتە گیانی میللەتی هەژار و بێ دەسەڵات. بۆیە زۆربەی حاڵەتەکانی کوشتن دەبینی چەکدارێکی حزب یان بەرپرسێکی حزبی لەپشتە.
هەر حزبەکان خۆیان دواجار دێن لەجیاتی پەنابردن بۆ یاسا و دادگا لە مەکتەبی کۆمەڵایەتی حزب و دیوەخانی عەشیرەت و خێڵەوە هەوڵی ئاشتەوایی و دیزەبەدەرخۆنەکردنی تاوانەکان دەدەن.

ئەم دەسەڵاتە داڕزیوەی هەرێمی کوردستان، بەبیانووی ڕازیکردنی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، دەیان ساڵە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ڕاگرتووە، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا پێشێلکاریی یاسا بەرکارەکان و هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکانی کوشتن و بڕینە.
لە تۆڵەسەندنەوەدا ژیانی تێدایە بۆ ئێوە ئەی خاوەن ژیرییەکان"، خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا وا دەفەرموێت. ئەگەر هەر کەسێک کەسێکی بە ناڕەوا کوشت، بکوژ لەبەرچاوی خەڵک لەسێدارە بدرێت، ئیتر کێ دەوێرێت دەست بۆ چەک ببات و خوێنی مرۆڤێک بە ناهەق بڕێژێت؟!

گەلەری