دوژمنانی کورد دوژمنانی خودان
PM:05:23:23/03/2025
3816 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+
-
خوداوەند مرۆڤی دروستکرد هەتا
جیهان ئاوەدان بکاتەوە و جوانتری بکات، لەناو مرۆڤەکاندا نەتەوەی جیاجیا و ئاینی
جیا هەیە، ئەمەش نیشانەی فرەچەشنی دروستکراوەکانی خودان، ئەم فرەچەشنی و فرەڕەنگیە
بۆ ئەوەیە پێمان بڵێ ژیان بە جیاوازیەکانەوە جوانن هەر دروستکراوێکیش ئەرکێکی هەیە
بۆ ئەوەی تابلۆ گەورەکەی ژیان جوان بکات، بەڵام بەپێچەوانەی ئەرکی خۆیەوە مرۆڤ و
نەتەوەکان ڕێگای وێرانکردن دەگرنەبەر، ئەگەر سەیری کورد و نەتەوەکانی دراوسێی
بکەیت دەبینین ئەو نەتەوانە بە بەردەوامی ئەفسانە بۆ خۆیان دروستدەکەن، شانازی
بەخۆیانەوە دەکەن تاکەکانی دەخەنە کەڵکەڵەی وەک نەتەوەی پیرۆز و باڵا خۆیان
دەبینن، حیکایەتێکیان بۆ دروستدەکەن، کە هەستکردن بە گەورەیی ناسنامەی خۆیان
فەرمانی ئیلاهی جێ بەجێدەکەن، بەڵام بینینی کورد بە وەحش و مرۆڤی شاخاوی و دژە دین
و جنۆکە، بووەتە حیکایەتێکی بەردەوام ناو بەناو نوێی دەکەنەوە بەناوی ئاینەوە
ئەنفالمان دەکەن و ئەفسانەی تازە دروستدەکەن بۆ ئەوەی لای میللەتەکەی خۆیان
شەرعیەت بە کارە ناشەرعیەکانی خۆیان بدەن، کە کورد و کوردستان هۆکاری کێشەن بۆ
جیهانی ئیسلامی و تێکدانی ڕیزەکانی ئوممەتی ئیسلام، بەڵام ئەو پرسیارە لە خۆیان ناکەن
بۆ دەوڵەت بۆ ئەوان ڕەواو بۆ کورد ناڕەوا! ژیان بۆ خۆیان ڕەواو مەرگ بۆ کورد ڕەوا!
لەکاتێکدا هەموومان یەک خودامان هەیە هەموو جیهان و پێکهاتەکان
دروستکراوی خودان و ئەرک و مافی خۆیان هەیە، بەڵام دوژمنەکانی کورد دێن ئینکاری
ئەم مافە خوداییە دەکەن، هەتا ئێرە دەڵێین ئەمە دوژمنە، کارەسات و سەرگەردانی
لێرەدایە لەناو کورددا، دەنگی ناشاز پەیدا بووە ساڵی نوێی کوردی و جەژنی بەهار و
نەورۆز بە جەژنی ئاگرپەرست و شەیتان باسدەکات، لەکاتێکدا عەلامە مەلا عەبدولکەریمی
مودەڕیس دەڵێت: ( لەسەردەمی ئیمامی عەلی دا لە نەورۆزدا شیرینی دابەشکراوە) بۆیە
دەبێت دوژمنانی کورد و ئەو دەنگە ناشازانەی ناو کۆمەڵگەی کوردی ئەوە بزانن، کە
ئەوان دوژمنی خودان، چونکە کورد و کوردستان دوو دیاردەی خوداین کولتور و فەرهەنگی
خۆی هەیە، کەواتە لۆژیک پێمان دەڵێ دژایەتی کورد و کوردستان دژایەتی خودایە لە
ڕێگای دوژمنایەتی دوو دیاردە و دوو دروستکراوی خودا، کە کوردو کوردستانە.