سەردێڕ:

٣١ـی ئازار؛ تێپەڕبوونی ٣٤ ساڵ بەسەر کۆڕەوەکەدا

AM:11:32:31/03/2025

3376 جار خوێندراوەتەوە

٣٤ ساڵ بەسەر کۆڕەوى گەلى کورد لە باشوورى کوردستان تێپەڕی، ئەو کۆڕەوەی، تیایدا ملیۆنان هاوڵاتى لە ترسى هێرشى رژێمى پێشووی عێراق ئاوارەى ئێران و تورکیا بوون. کۆڕەو پشتیوانیی وڵاتانى بەدوای خۆیدا ‌هێنا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ناچاربوون پشتگیریی لە کورد بکەن.


٣٤ ساڵ لەمەوبەر و لە دوای تەنها ٢٦ رۆژ لە دەستپێکی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان، سوپای عێراق هێرشی بۆسەر ناوچە ئازادکراوەکانی باشوری کوردستان دەست پێ کرد.

هاوکات، بۆ خۆپاراستنیان لە دژە هێرش و تۆڵەى رژێمى پێشوو لە دواى شکستەکانى راپەڕین، خەڵک ئاوارەیی و کۆڕەوى بە کۆمەڵیان هەڵبژارد کە گەورەترین کۆڕەو بوو لە مێژووى گەلى کورد و مێژووى نوێى رووداوە سیاسییەکانى جیهاندا.

لە کۆڕەودا، بەشێکى زۆر لە گه‌لانی جیهان لە مەینەتیی گەلى کورد تێگەیشتن و هاوسۆزییان بۆ دەربڕى، فشاری زۆریان له‌سه‌ر حکومه‌تى وڵاته‌کانیان دروست کرد بۆ ئەوەى پشتیوانیی نێودەوڵە‌تیی‌ له‌ کورد بکرێت.

لە کاتێکدا بەهۆی هێرشەکانی سوپای عێراق ئەنجامەکانى راپەڕینی باشوری کوردستان مەترسییان لەسەر دروست ببوو، کۆڕەو پشتیوانیی وڵاتانى بەدوای خۆیدا ‌هێنا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ناچاربوون پشتگیریی لە کورد بکەن.

کۆڕەو پەیامێک بوو بۆ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کە گەلى کورد سەرما و برسێتی و ئاوارەیی لە مانەوە لە ژێر دەستی رژێم پێ باشترە، چونکە خەڵکى باشورى کوردستان ئەزمونێکى زۆر خراپیان لەگەڵ هێرش و ستەمى رژێمى پێشوو هەبوو لە نمونەى ئەنفال و کیمیاباران.

کۆڕەوى ملیۆنى خەڵکى کوردستان هەرچەندەبە هەموو مانایەک کارەسات بوو، هیچ کەسێک لەو کاتەدا پێشبینى بۆ رووداوەکانى دواى کۆڕەو نەدەکرد، بەڵام دەستکەوتی باشى بەدەستهێنا، بڵاوبوونەوەی دیمەنى کارەساتەکە لە میدیاکان، کورد و دۆسیەکەى بە جیهان ناساند، هێرش و دڕندەیی رژێمى پێشووشى خستە بەرچاوى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، دواتریش بڕیاری دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین لە هێڵی پانی ٣٦، بەسەر رژێمی بەعسدا لە ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى سەپێنرا، کە زەمینەی بۆ دووبارە ئازادکردنەوەی سێ پارێزگاکەی ھەرێم رەخساند.

 

 

 

 













گەلەری