سەردێڕ:

وردەکاری رووداوێکی تەقەکردن لە لایڤێکی تیکتۆکدا

PM:07:26:21/11/2024

1736 جار خوێندراوەتەوە

لە رووداوێکی تەقەکردندا لە شاری هەولێر دوو کەس بریندار بوون، تەقەکەرەکەش لەکاتی هەڵاتندا تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیە، پۆلیسیش دەڵێت، چاوەڕوانی دەرچوونی تۆمەتبارەکەن لە نەخۆشخانە، تا رووبەڕووی یاسای بکەنەوە.


بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، رووداوی تەقەکردنەکە بەم جۆرە بووە، دوو کەس کە هاوڕێی یەکتر بوون لە هۆتێلێکی شاری هەولێر میوان بوون، دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا درووست بووە، یەکێک لەوان لە هۆتێلەکە چووەتە دەرەوە.

دواتر بە دەمانچەیەکەوە گەڕاوەتەوە و ویستویەتی بچێتە ناو هۆتێلەکە، بەڵام کارمەندانی هۆتێلەکە رێگەیان لێ گرتووە، بەوهۆیەشەوە دەستی کردووە بە تەقەکردن بە ئاڕاستەی هۆتێلەکە و بەهۆیەوە یەکێک لە کارمەندانی هۆتێلەکە بریندار بووە.

هەر لە کاتی تەقەکردنەکەدا، شووشەی پەنجەرەی یەکێک لە ژوورەکانی هۆتێلەکە شکاوە و لەوکاتەدا کەسێک لەناو ژوورەکە بووە، بەهۆی شکانی شووشەی پەنجەرەکەوە ئەویش بریندار بووە و برینەکەی سووکە.

تۆمەتبارەکە دوای ئەوەی تەقەی لە هۆتێلەکە کردووە، ئۆتۆمبێلی هاوڕێکەی بردووە و بەرەو شاری دهۆک هەڵاتووە، بەڵام لە رێگادا تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، لەوێ ئاشکرا بووە کە ئەو کەسەیە تەقەی لە هۆتێلەکەی شاری هەولێر کردووە.

هاوکات، بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە لە نەخۆشخانەیە و چاوەڕوانی راپۆرتی پزیشکی و چاکبوونەوەی دەکەن تا دەستگیری بکەن و رووبەڕووی دادگای بکەنەوە.













گەلەری