سەردێڕ:

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: لە چەند ناوچەیەک رێگە نەدراوە سەرژمیری بکرێت

PM:04:26:21/11/2024

5152 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان رایگەیاند، هەرچەندە سەرژمێری ئەمجارە لە زۆرینەی ناوچە کوردستانییەکان لە رووی کارگێڕییەوە بەباشی بەڕێوەچووە، بەڵام هێشتا نیگەرانیان هەیە و لە گوندەکانی دەوروبەری خانەقین و کوڵەجۆ رێگە نەدراوە سەرژمێری بکرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢١ـی ١١ـی ٢٠٢٤ فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، تێبینییان هەبووە لەسەر سەرژمێری ئەمجارە، بەڵام بڕیاردان بەوەی سەرژمێری ١٩٥٧ بکرێتە بنەمای سەرژمێرییەکە زۆرینەی تێبینییەکانی چارەسەر کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە سەرژمێری ئەمجارە لە زۆرینەی ناوچە کوردستانییەکان لەرووی کارگێڕییەوە بەباشی بەڕێوەچووە، بەڵام هێشتا نیگەرانیان هەیە و لە گوندەکانی دەوروبەری خانەقین و کوڵەجۆ و مەخمور و دهۆک رێگە نەدراوە سەرژمێری بکرێت.

ئەوەشی خستە روو، هەموو ئەوانەی کە کەرکون کەرکوکین و هیچ گومانێک نییە لەوەی کەسێک کە کەرکوکی نەبێت لەسەر ئەو شارە تۆمارکرابێت و پێکهاتەی شارەکە پێکەوە دەست لە ناو دەست رۆحیەتی پێکەوەییان پیشان دا.

باسی لەوەش کرد، داوایان کردووە لە لایەن لیژنەیەکەوە وردبینی بکرێت بۆ ئەو کەسانەی لە کەرکوک تۆمارکراون، بەڵام لە ١٩٥٧ لە کەرکوک نەبووبێت وردەکارییەکانی بگەڕێندرێتەوە بۆ پارێزگا ئەسڵەکەی و تەنها رێگەی پێ بدرێت لە کەرکوک بژیت.

دوێنێ و ئەمڕۆ، سەرژمێری گشتی لە عێراق و هەرێم بەڕێوەچوو و بەهۆیەوە دوو رۆژ پشووی گشتی راگەیەندرا.













گەلەری