سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: ٧٠٪ـی ئەو کەسانەی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵن

PM:02:00:08/11/2024

824 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، شیکارییەکی وردیان بۆ ئەو کەسانە کردووە کە لە شەش مانگی سەرەتای جەنگی غەززەوە گیانیان لەدەستداوە و ٧٠٪ـی ئەو کەسانەی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵن.


ئەمڕۆ هەینی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەبارەی قوربانیانی جەنگی غەززەوە بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لە کۆی ٣٤ هەزار و ٥٠٠ کەس کە لە شەش مانگی جەنگدا گیانیان لەدەستداوە شیکارییان بۆ تەرمی هەشت هەزار و ١١٩ کەس کردووە و ٧٠٪ـیان منداڵ و ژن بوون.

باس لەوەش کراوە، بەهۆی جەنگەوە فەڵەستینییەکانی غەززە رووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بوونەتەوە و ئیسرائیل تاوانی جەنگی ئەنجامداوە و جینۆسایدی فەڵەستینییەکانی کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئیسرائیل بەشێوەیەکی نایاسایی رێگری لە چوونەژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەکات و بەو هۆیەوە دانیشتوانی غەززە بە کۆمەڵ ئاوارە دەبن.

ئەوەش خراوەتە روو، لە غەززە برسێتی و نەخۆشی بڵاوبووەتەوە و هاوکاری تەندروستی پێویست ناگات بە بریندارەکان.

جەنگی غەززە لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە، جەنگەکە دوای ئەوە دروستبوو کە بزوتنەوەی حەماس بە پێنج هەزار مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لەو کاتەوە بڵێسەی ئاگری جەنگی نێوانیان پەرە دەسەنێت.

لە جەنگی غەززەدا سەرەڕای هەموو زیانەکانی؛ دۆخی تەندروستی لە وڵاتەکەدا بە جۆرێک خراپە، چەندین نەخۆشی و بەتایبەتیش نەخۆشی پێست بڵاوبوونەتەوە و منداڵانیش قوربانی یەکەمی جەنگەکەن.

سەرەڕای هۆشداری وڵاتان و هەوڵەکانیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و راگرتنی جەنگ، بەڵام هێشتا هیچ ئومێدێک بە راگرتنی جەنگ نییە و هێرشەکانی ئیسرائیل پەلی هاویشتووە بۆ لوبنان و سوریا و ئیرانیش.













گەلەری