سەردێڕ:

پەراوێزخستنی کۆیە لەنێوان بەڵێنەکانی یەکێتی و پارتیدا هاوڵاتیانی زیاتر توڕە کردووە

AM:10:02:07/10/2024

2436 جار خوێندراوەتەوە

پەراوێزخستنی کۆیە و دەستی دەستی پێکردنیان لەنێوان هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتداری تاڵەبانی و بارزانیدا، هاوڵاتیانی شارەکەی زیاتر توڕە کردووە، چونکە رۆژانە بە چاوی خۆیان بەو جێگا و شەقامانەدا دەڕۆن و دەیبینن کە چەندین ساڵە چەندین بەڵێنی درۆیان لێدراوە.


شاری کۆیە، یەکێک لە بنکەکانی رووناکبیری و ئەدەب و لانکەی لەدایکبوون و تێداژیانی چەندین مامۆستای ئایینی و کەسایەتی دیار و نووسەر و شاعیر و خەباتکار، بەڵام هێندەی شارستانییەتەکەی پەراوێزخراو.

هەر لە سەرەتاکانی دروستبوونی کۆیەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ بەر لە زایین، چەندین شارستانییەتی تێدا بووە و جێی چەندین زانا بووە، لەناویشیاندا مەلای گەورەی کۆیە.

کۆیە هەم بەهۆی هۆشیاری خەڵکەکەی و گرنگی شوێنە جوگرافییەکەی کە دەکەوێتە نێوان سێ پارێزگای گرنگی وەک هەولێر و سلێمانی و کەرکوک، هەروەها دەوڵەمەندی خاکەکەی بە نەوت و چەندین کانزای دیکە، یەکێک بووە لە شارە گرنگەکانی کوردستان.

لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە و لەدوای راپەڕینەوە، بە واتایەکی دیکە لە ماوەی ٣٣ ساڵی حوکمڕانی کورد لە هەرێمی کوردستان و بە دیاریکراویش هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، تاکە دوو سەرەتاییترین خزمەتگوزاری گشتی بۆ شارەکە کراوە، کردنی بە قەزا بووە، لەگەڵ کردنەوەی زانکۆ لە شارەکەدا.

پەراوێزخستنی ئەو شارە بچووکە گرنگە بە جۆرێکە، لەرووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە، بەڵام پارتی خۆی لێ بە بەرپرسیار نازانێت و دەیخاتە پاڵ یەکێتی، یەکێتیش خۆی لێ بە بەرپرسیار نازانێت و دەیخاتە پاڵ پارتی، بەم جۆرە لەنێوان ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەدا ئەو شارە بێخزمەت ماوەتەوە.

دوێنێ لە هەڵمەتی بانگەشەی حزبەکەیدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بەڵێنی ئەوەی بە کۆیە دا کە قەزاکە بکاتە ئیدارەیەکی سەربەخۆ، دوای ٣٣ ساڵ ئەوە بەڵێنی حزبێک بوو بۆ کۆیە، لەکاتێکدا جەلال تاڵەبانی دامەزرێنەر و سکرتێری گشتی پێشووی حزبەکە لەدایکبووی ئەو شارەیە؛ بەڵام ئەو حزبە هێشتا نەیتوانیوە شەڕ بۆ بوون بە ئیدارەی سەربەخۆی کۆیە بکات.

لەوە سەیرتر ئەوەیە، هەمان بەڵێن لەلایەن پارتییەوە بە شارەکەش دراوە، بەڵام ئەوەیان ١٣ ساڵ بەر لە ئێستا.

لە مانگی ٩ی ساڵی ٢٠١١، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سەردانێکیدا بۆ زانکۆی کۆیە هەمان بەڵێنی بە کۆیە دا و وتی، دەیانەوێت کۆیە بکەنە ئیدارەیەکی سەربەخۆ.

کۆیە لەنێوان ١٣ ساڵی بەڵێنی دوو بنەماڵەدا، نەک نەبووە بە ئیدارەی سەربەخۆ، چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری هەن لەو شارەدا پەکیان خراوە، دوور نەڕۆین شەقامی "مام جەلال"، کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە بە ئەمڕۆ نا سبەی ئەمڕۆ نا سبەی هاوڵاتیانی شارەکەیان لە چاوەڕوانیدا هێشتووەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٩دا لەبری ئەوەی خۆیان کۆبکەنەوە و کەموکوڕییەکانی شەقامەکە چاکبکەن و تەواوی بکەن، کەچی بەهۆی تەواو نەبوونییەوە ناوەکەیان گۆڕی بە شەقامی فیدراڵی، ئەوەش لەبەر ئەوەی تەواونەبوون و دۆخی خراپی شەقامەکە نەدرێتە پاڵ ناوی مام جەلال، کە شەشەم سەرۆک کۆماری عێراق و یەکەم سەرۆک کۆماری کورد بوو.

ئەگەر چی لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٢دا نەوەی نوێ دەستی کرد بە کارکردن لە شەقامی مام جەلال و بەڵێنی دا تەواوی بکات، بەڵام دوای نزیکەی پێنج رۆژ لە کارکردن، هێزە ئەمنییەکان رێگریان لە تیمی ئەندازیاری نەوەی نوێ کرد لە کارکردن بەردەوام بێت و حکومەتیش دەستی بە کار نەکردەوە تیایادا.

هەر ئەوەش نا، یەکێک لە پڕۆژەکانی دیکە کە دەبوو ئێستا هاوڵاتیانی کۆیەی لێبێبەش نەبێت، تونێلی هەیبەت سوڵتانە، کە دەبووایە لە ساڵی ٢٠١٥ واتە نۆ ساڵ بەر لە ئێستا تەواو بکرایە، بەڵام ئێستا هەر باسیشی ناکەن.

چەندین پڕۆژەی دیکەش کە بەهەمان شێوە یان پشتگوێ خراون یانیش تەواونەکراون، وەک کارگەی پێستەخۆشکردنی تەق تەق و یاریگای نێودەوڵەتی کۆیە، یانیش وێستگەی کارەبا و تەندەری دوو بەنداو، لەلایەکی دیکەشەوە پاڵاوتگەی نەوتی کۆیە کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا بڕیاری دانانی بۆ دەرچوو؛ دەبووە دووەم گەورەترین پاڵاوتگەی عێراق و توانای خستنە سەر کاری هەزار کرێکاری هەبوو.

لە رووی رێگاوبانیشەوە کۆیە هاوشێوەی شارەکانی دیکەی هەرێم بێنازە و یەکێکە لەو شارانەی زۆرترین قوربانی لە رووداوەکانی هاتوچۆدا داوە، کە تاوەکو ئێستا ٢١٥ هاوڵاتی کۆیە لەو رێگایەدا گیانیان لەدەستداوە.

ئەمە جگە لەوەی بڕیاربوو ئەندەرپاس بۆ شارەکە دروستبکرێت، بەڵام ئەندەرپاسەکە گۆڕا بۆ شوێنی سوڕانەوەی ئۆتۆمبێل.

کۆیە سەر بە پارێزگای هەولێرە و نزیکەی ٧٠ کیلۆمەتر لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە دوورە، چیای باواجی کە بەرزییەکەی هەزار و ٢٦٠ مەترە باکووری گرتووە و چیای هەیبەت سوڵتانیش کە بەرزییەکەی هەزار و ٩٢ مەترە رۆژهەڵاتی قەزاکەی گرتووە، سەرەڕای ئەم سروشتە جوان و شوێنە جوگرافییەشی، هێشتا نەتوانراوە کەرتی گەشتیاریی بە جۆرێک پەرەی پێبدرێت، لانی کەم ببێتەوە بە داهاتێک بۆ شارەکە.

وەلانانی کۆیە و نەبوونی هەلی کار و سستی بازاڕ، نەبوونی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و رێگاوبانی گونجاو، هاوڵاتیانی ئەو شارەی بە جۆرێک بیزار کردووە، نیگەرانن لە بەڵێنانەی پێیان دراوە و هیچیان بۆ جێبەجێنەکراوە.

هاوڵاتیان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستانن و دەیانەوێت لە ٢٠ی ١٠دا حەقی خۆیان لە هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم بکەنەوە.

هـ.ئـ













گەلەری