سەردێڕ:

سودانی: هەژاریمان لە ٢٣٪ەوە کەمکردووەتەوە بۆ لە ١٧٪

PM:12:38:20/12/2024

1512 جار خوێندراوەتەوە

بەپێى داتا و ئامارە تازەکان ئابوریی عێراق سەربارى ئاستەنگەکان گەشەکردنى باشى بەخۆوە بینیووە، خەریکە بە تەواوەتى لە مەترسى دووردەکەوێتەوە، سەرۆک وەزیرانیش دەڵێت، داهاتی نانەوتیان دوو هیندە زیادکردووە و رێژەى بێکاریشیان بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزاندووە.


بەپێى پلانێک عێراق بەردەوام هەوڵدەدات بۆ پتەوکردنی ئابوورییەکەی و هەمەچەشنکردنى سەرچاوەکانى داهات، لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەشدا تەقەلاکانیان ئەنجامی هەبووە و داهاتی نانەوتیان زیادکردووە.

محەمەد شیاع سودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییەى زمانحاڵى حکومەت رایگەیاند، داهاتی نانەوتی عێراقیان لە ٧٪ ەوە زیادکردووە بۆ لە ١٤٪، واتا دوو هیندە زیادى کردوە ئەوەش دەکەوێتە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتەوە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوتی و هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکەی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رێژەی هەژارییان لە ٢٣٪ەوە کەمکردووەتەوە بۆ لە ١٧٪و هەروەها بێکاریان بۆ لە ١٤٪کەمکردووەتەوە، وتیشی هەڵاوسانی ئابووریان لە ٦٪ ەوە بۆ لە ٢٪ دابەزاندووە کە ئەوەش کاریگەری دەبێت بۆسەر بەهێزبوونی ئابوورییەکەی. هەرچەندە رەخنەگیرانى حکومەتەکەى سودانى دەڵێن، تائێستا حکومەت بەرنامەکەى وەکخۆى جێبەجێنەکردووە، سەربارى ئەوەى خاوەنى گەورەترین بودجەیە لە مێژووى دەوڵەتى عێراقدا.

هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا سودانی لەبارەی دۆخی سوریاوە ئەوەی خستەڕو، نوێنەرى دیپۆلماسیان لە سوریا دەستی بەکارەکانی کردوەتەوە و وتیشی، پشتگیری یەکپارچەیی و سیاسەتی هەمەلایەنە دەکەن لە سوریا.

باسی لەوەش کرد، کە پێش پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان چەندینجار هەوڵی داوە بۆ نزیککردنەوەی سوریا و تورکیا و فراوانکردنی لێکتێگەیشتنەکانیان، بۆ ئەومەبەستەش داوای لە بەشار ئەسەد کردووە کە لە عێراق لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کۆبوونەوە بکەن بەڵام ئەسەد مەرجی هەبووە و ئەوەش بووەتوە هۆی ئەوەی دانیشتنەکە ئەنجام نەدرێت.

سودانی لە چوارچێوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە وتی، هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی خاک و سەقامگیری عیراق سەرکوتوو بووە و سنوورەکانیان پارێزراون و رێگە بە هیچ مەترسییەک نادەن بۆسەر وڵاتەکە.













گەلەری