سەردێڕ:

پەتی زوڵم و ستەم لە ئەستوریدا دەپچڕێت

PM:05:20:16/12/2024
1996 جار خوێندراوەتەوە
کۆسرەت دڵشاد
+ -

بێگومان ئەوەی لە سوریا ڕویدا دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا,ئاشکرابوونی ئەو هەموو زوڵم و ستەم و کوشتن و بڕینە هەموو جیهانی توشی شۆک کرد. ناوە ناوە چیرۆکی زیندانیانی سیدنایە بڵاودەبێتەوە ئێمەش دەپرسین ئاخۆ کوردستانیش هاوشێوەی سوریا دەیان زیندان و شوێنی ئەشکەنجەی وای نیە کە مرۆڤ ئومێدەوارە بمرێت وەک لەوەیبکەوێتە ئەو شوێنانە؟!

بەدرێژایی مێژوو هیچ ستەمکار و دیکتاتۆرێک لەوپەڕی هەژاری و بێ دەسەڵاتیەوە دەسەڵاتی چۆڵ نەکردووە، بەڵکو هەموویان لەوپەڕی هێز و دەسەڵاتدا بوون و بە ئاگر و ئاسن حوکمیان دەکرد بێ گوێدانە هیچ فشارێکی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی.لە کوڕە دیکتاتۆری صدام حوسەینەوە بگرە کە بەنسبەت مێژوو هێندە کۆن نییە،بینیتان کە ئۆتۆمبیلی پۆڕش لەگەراجەکەیدا بوو؟ لەکاتێکدا گەلی عێراق نان نەبوو بیخۆن بەدوای دەڕاسە دەکەوتن و گەنم جۆیان کۆدەکردەوە کەچی سەرەنجام خۆری دەسەڵاتی ئەویش ئاوابوو هیچ یەکێ لەئۆتۆمبیلە گرانبەهاکانی فریای نەکەوتن.

بەشار ئەسەد زیندووترین نمونەیە،بەشار اسدو باوکی ٥٣ ساڵ حوکمی سوریایان کرد بەئاگر و ئاسن حوکمیان دەکرد،بەهەموو شێوەیەک خەڵکی سووریایان دەچەوساندەوە و خەڵکی سووریایان برسی کرد کەچی سەرەنجام دوای ٥٣ سال لە ستەم و زۆرداری هەفتەی ڕابردوو خۆری دەسەڵاتی بنەماڵەی بەشار اسدیش ئاوابوو.بەشار اسد کاتێ کەدەسەڵاتەکەی کۆتایی پێهات بەزووترین کات ووڵاتی بەجێهێشت،وە ماستاوچی و کۆیلەو پیاوکوژەکانی نەیانتوانی هیچی بۆ بکەن و قین و هەستی تۆڵەکردنەوەی گەل بوەستێنن و لە درەنگانێکی شەودا خۆی و جانتا زێڕەکانی گواسترانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.ڕووخانی دکتاتۆرەکانی وەک صدام حسین و قەزافی و بەشار اسد و هاوشێوەکانی وەک ئەوان ئەوەمان پێدەڵێت زوڵم و ستەم تەمەنی هەر چەند درێژ بێ سەرئەنجام زبڵدانی مێژوو شوێنەکەیەتی.

لای خۆشمان لەهەرێمی کوردستان پارتەکانی حوکمڕان(یەکێتی و پارتی) زیاتر لە ٣٣ ساڵە سەروەت و سامانی ئەو کوردستانە تەنها بۆخۆیان و کوڕو نەوەکانیان بە ڕەوا دەبینن، بەهەموو ڕێگایەک بێمنەتانە،بە ئاشکرا و بەڕوونی لە پێش چاوی جیهان سیاسەتی برسیکردنی میللەتی بێچارە پەیڕەودەکەن.ئەوان هەر بە برسیکردنی خەڵک نەوەستاون هەر کەسێکیش داوای مافی ڕەوای خۆی کردبێ یا پەردەی لەسەر گەندەڵیەکانی ئەو دوو حزبە هەڵدابێتەوە ئەوا بێدەنگیان کردووە.

وادیارە سەرۆکەکانمان نەخوێندەوارن بۆیە ناتوانن مێژوو بخوێننەوە و پەند و وانە لە کەوتنی سەرکردەکانی وەک صدام و بشار اسد و قەزافی و ….وەربگرن!!!

وادیارە سەرۆکەکانمان نازانن کە برسیکردنی خەڵک و سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد و دەست خستنە سەر بینەقاقای گەل تا سەر بەردەوام نابێت بۆیان و، وەهەروەها ئەو کردارە خراپانەیان وا بەئاسانی بەسەردا ناڕوات و ڕۆژێک دێ باجەکەی زۆر بەقورسی بدەن!!

وادیارە سەرۆکەکانمان تا ئێستا درکیان بەو ڕاستییە نەکردووە کە گەراجی پڕ لە ئۆتۆمبێلی گران بەها و ئەسپی عەرەبی ناوازە و بۆنی شەنێڵ و جلی ئیتاڵی ماڕکە و کۆیلە و ماستاوچیەکانیان هیچیان ناتوانن یارمەتیت بدەن لەوکاتەی کە گەڵ ڕادەپەڕێت!!

مێژوو کەسی خراپ و بێ باکی وەک پارتی و یەکیەتی بەخۆوە ڕەوا نەدیتوە هەشبوبێت کۆتاییان باش نەبووە

جا ئەگەر ئەوانیش هەر بەردەوامبن لە باشترکردنی ژیانی خۆیان و پشتگوێخستنی خەڵکەکەیان ئەوا هەمان چارەنووسی دکتاتۆرەکانی تر چاوەڕێیان دەکات.

بەو وتەیەی شەهید کۆساری کۆتایی پێدێنم کە دەڵێت: گەر گەلێک سەرداری گورگ بێ مێژوو ڕوونە چی بەسەر دێت.

گەلەری