تۆ کە ناچارنەکرابیت قەمسەڵەی دڕاو ئەکڕیت؟!
PM:03:13:17/12/2024
1116 جار خوێندراوەتەوە
نەژاد عوسمان
+
-
لە کەناڵی ئێن ئاڕتی ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆییم بینی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ
فرۆشیارێکی فرۆشتنی قەمسەڵە و جل و بەرگی زستانەدا کردبوو و ئەیووت ( کڕیارمان هەیە
پارەی نییە داوای قەمسەڵەی دڕاو دەکات بۆ ئەوەی بەهەرزان بیکڕێت).
لەمەوە کەوتمە خەیاڵێکی قوڵی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابووردوو کە خەڵک
چۆن جل و بەرگ و پێڵاوی پینە ئەکرد، گوڵە گەنمی ئەچنیەوە لەپشتی دەڕڕاسەکانەوە و
خواردەمەنی زۆر ناجۆر و ناتەندروستی بەکارئەهێنا بەهۆکاری ئەو ئابڵوقە ئابوریە
قورسەی خرابووە سەر عێراق لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەهۆی کارە زیادەڕەو و چەپەڵەکانی
ئەوکاتی سەددام کە کوردستانیشی گرتبۆوە . ئەمە جگە لەئەو هەموو شەڕ و ململانێ و گەندەڵی
و تاڵانی یە بەردەوامانەی پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی تری نزیک لەو دوو لایەنە کە
لە ساڵی ١٩٦٣ ەوە بەردەوامی هەبوو ئێستاشی لەگەڵ بێت ژیانی خەڵکی هێندەیتر هاڕی
بوو. ئەم جۆرە لە سیستمی حوکم و بەبنەماڵەکردن و خۆ بە هەموو شت زانین و بەبرسیکردنە
بەردەوامانە وەک خویەکی قێزەونی لێهاتووە کە نەک ناتوانن دەستبەرداری بن بەڵکو ڕۆژ
دوای ڕۆژ بێباکترئەبن دەرحەق بە ژیان و ژینگە و ئەمنیەتی خەڵک.
کێ حەزی لە شیکپۆشی و خۆشخۆری و خۆشگەڕان نیە وەک نەوەی بەرپرسەکان ئەگەر
زوڵم بهێڵێ ؟! بێگومان بە لەهەر شوێنێک برسی و بێ جلێک هەبێت ئەوا ڕوونبێت لات لە
شوێنێکی تر زوڵمێک کراوە . برسیکردن و ڕووتکردنەوەی گیرفانی خەڵک و دەست بەسەرداگرتنی
قوتی خەڵکیش جۆرە هەرە خراپەکەی زوڵمە و هاوشانی تێکدانی ئاسایشی خەڵکە، خوا هەڵناگرێت
لەمەش دا دەسەڵاتداران کەمتەرخەمیان نەکردووە و دەستیان لێ نەپاراستووە.
زوڵم لەهەر کات و سات و شوێنێک بکرێت هەر زوڵمە. بەڵام ئەوەی پلەی زوڵمەکە
بەسوێتر و بەئازارتر و سەختتر ئەکات ئەوەیە کە باری ئابوری وڵات و ئەوشوێنە توشی قەیران
نەبووبێت، بەڵکو لە ئەنجامی خراپی حوکم و بەهەدەردانی داهات و سەروەتەکەیەوە بێت لەلایەن
ئەو حیزب و بنەماڵە سیاسی و بەرەبابانەوە کە هاوزمانتن و خۆیان بە نیشتیمانپەروەری
بێڕکابەر و نوێنەری پاکی و ڕاستگۆیی و زیرەکی ئەزانن.
خاڵێکی تر، ئەو زوڵم و برسیکردنە لەسەر خاکێک ئەنجام بدرێت کە داهات
و سامان و بەرەکەتەکەی بەشی نەک ٦ ملیۆن هاوڵاتی بەڵکو بەشی دەیان ملیۆن کەس ئەکات
بەم ژیانە کولە مەرگی و مەمرە و مەژیەش نا ، بەڵکو بە خۆشگوزەرانترین شێوە کە
هاوتای ژیانە شاهەنشاییەکەی خۆیان بێت.
ئەمە جگە لە هەندێک فاکتەری دی کە پەیوەستە بە خودی هاوڵاتی خۆیەوە ،
لەوانە هەڵبژاردنەوە و کردنەوەی ئەم دەم و چاوە دوبارە و بێخێرانە بە بەرپرسی یەکەمی
ووڵات!
گەیشتومەتە ئەو باوەڕەی دەمێکە ئەو دەسەڵاتدارانەی لای خۆمان دەستیان
لەخۆیان شۆردوە و نیازی ڕۆیشتنیان هەیە وەگەرنا چۆن ئاوا زۆر خەمساردانە قوت و
مووچە و گوزەرانی ئەو خەڵکە زەوتئەکەن لەبەرامبەردا گیرفان و بانکەکانی خۆیانیان قەبەتر؟!
باشە گریمان واشبێت و بەنیازی ڕۆیشتنن ، ئەی نابێت پەڕۆیەک لە ڕژێمە دیکتاتۆر و
برسیکەرەکان دادڕن و بپرسن خۆ ئەو هەموو داهات و کۆیلە و ڕاگەیاندن و سوپا زەبەلاحەشیان
هەبوو کەچی نەبووە فریادڕسیان و هەر هەرەسیان هێنا!
بەڕاستی دەسەڵاتێک ئەگەر عیبرەت لە ئەو هەموو ڕووداوە زۆرەی کەوتن و
هەرەسانەی چوار دەور وەرنەگرێ و هێشتاوەکو چێژ لە برسیکردنی گەلەکەی ببینێ کەواتە
لەڕووی فیزیکی و دەرونیەوە نەخۆش و لاواز و مێشک بەتاڵە!
بەڕاستی دەسەڵاتێکی لەم جۆرە هەر بۆ ئەوە باشە بیردۆزەکەی مامە فەرخەی
بەسەردا جێبەجێبکرێت!